تاران لەبەردەم مەترسیی بێئاویدایە

ئاوی خواردنەوە تەنیا بەشی دوو هەفتە دەکات

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران 'ئێرنا' هۆشداریی دا تاران، بەهۆی وشکەساڵییەکی مێژووییەوە لەبەردەم مەترسیی تەواوبوونی ئاوی خواردنەوەدایە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا. ئەمەش لە کاتێکدایە شارەکە ڕووبەڕووی خراپترین وشکەساڵی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بووەتەوە.

بەهزاد پارسا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوی تاران، ڕایگەیاندووە بەنداوی ئەمیر کەبیر، یەکێک لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاو بۆ شارەکە، "تەنیا 14ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، کە دەکاتە سەدا 8ـی توانای گلدانەوەی."  ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕە ئاوە تەنیا "بۆ ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە" بەشی پێداویستییەکانی تاران دەکات. بەگوێرەی وتەی پارسا، لە ساڵی ڕابردوودا، بەنداوەکە نزیکەی 86 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدابووە، و ئەم کەمبوونەوە بەرچاوە بۆ "دابەزینی سەد لە سەدی ڕێژەی بارانبارین" دەگەڕێتەوە.

پێشتریش لە مانگی تەممووزدا، پارێزگاری تاران، محەممەد سادق موعتەمیدیان، ڕایگەیاندبوو، ئاستی ئاوی چوار بەنداوی سەرەکیی شارەکە بە ڕێژەی سەدا 87ـی دابەزیوە. بە وتەی کۆمپانیای ئاوی پارێزگاکە، بەهۆی وشکەساڵی پێنج ساڵی ڕابردوو و کەمیی باران، یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا.

 تاران، زیاتر لە 10ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە و دەکەوێتە بناری باشووری چیای بورز، ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەکاردەهێنێت. بەهۆی ئەم قەیرانەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەک ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، ئاو لە چەندان گەڕەکی شارەکە بڕدراوە و ئەم حاڵەتە لە وەرزی هاوینیشدا بەردەوام بووە. تەنانەت دەسەڵاتدارانی خۆجێی شارەکە لە مانگی ئابدا بڕیاری داخستنی نزیکەی 20 هەزار تەوالێتی گشتییان دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی.

لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، حکوومەتی ئێران دوو جار پشووی فەرمی لە تاران ڕاگەیاند بەمەبەستی بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی ئاو و وزە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی گەرما و پچڕانی بەردەوامی کارەبا.

مەسعوود پزیسکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، پێشتر هۆشداریی دابوو و ڕایگەیاندبوو، "قەیرانی ئاو لەوە ڕژدترە ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت."

 
 
Fly Erbil Advertisment