ئێران بە هاوکاری ڕووسیا 8 وێستگەی ئەتۆمی نوێ دروست دەکات

سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند حکومەتی ئێران بەنیازە بە هاوکاری مۆسکۆ 8 وێستگەی ئەتۆمی نوێ لە ئێران دابمەزرێنێت، سەرۆکی ئێرانیش دەڵیت دامەزراوە وێرانبووەکان بەهێزتر لە جاران بنیات دەنێینەوە بەڵام بۆ مەبەستی ئاشتی نەک چەکی ئەتۆمی.

لە میانەی دیداری مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ بەرپرس و بەڕێوەبەرانی پڕۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکە، محەمە ئیسلامی، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند: بەدواداچوونمان بۆ رێککەوتنێکی نوێی نێوان ئێران و رووسیا کردووە، بە پێی ئەم رێککەوتنە  8 وێستگەی نوێی ئەتۆمی لە ئێران کە 4 وێستگەیان دەکەوێتە شاری بوشەهر و 4 ی دیکە لە شوێنەکانی تری وڵات دەبێت، خراونەتە بەرنامەی کارەوە. 

لەمبارەیەوە وەحید ئەحمەدی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی  پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: رووسیا و چین هاوبەشی ئێرانن و لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ڕێککەوتننامەی درێژخایەنی 25 ساڵەیان هەیە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان کاردەکات.

هەرچەندە محەمەد ئیسلامی ئاماژەی بە شوێنی وێستگە نوێیەکان نەکرد و  گوتی دەوڵەت دواتر شوێنی ئەو 4 وێستگەیە دیاریی دەکات کە لە دەرەوەی بوشەهرن، بەڵام ئاژانسی ئێرنا کە زمانحاڵی حکومەتی ئێرانە رایگەیاندووە:وا بڕیارە ئەم وێستگە نوێیانە لە کەنارەکانی باشوور و باکووری ئێران دروست بکرێت.

لەمبارەیەوە سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند: دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی لە کەناراوەکانی باکور وباشوور یەکێکە لە پێویستیەکانی ناوچەکە و دوای تەرخانکردنی زەوی گونجاو،  دەست بە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی لە کەناری پارێزگای گولستان کراوە.

ئیسلامی گوتیشی: بەرهەمهێنانی 20 هەزار مێگاوات کارەبا لە پێشینەی کارەکانی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە دامەزراوەی وزەی ئەتۆم دەیەوێت بە میکانیزمی گونجاو لە رێگەی وزەی ئەتۆمەوە کارەبای پێویست دابین دابین بکات.

هەرچەندە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گومانی زۆریان خستە سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە مسعود پزشکیان سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند دامەزراوە وێرانبووەکانی ئێران سەر لەنوێ و بەهێزتر بنیات دەنیینەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیی و نا سەربازی وەک  بەرهەمه‌ێنانی کارەبا، بەکارهێنای پزیشکییە. بەڵام زۆرێک  لە وڵاتان و ناوەندە نیودەوڵەتییەکان تاران بە نەبوونی شەففیەت و بە دەستهێنانیچەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment