سەرۆکی سەنتەری ڕووناکی عێراقی: بەبێ کورد حکوومەت لە بەغدا پێکناهێنرێت
هەڵبژاردن لای هەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە
دکتۆر عەبدولجەبار ئەحمەد، سەرۆکی سەنتەری ڕووناکی عێراقی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، کە پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆیی و سروشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا. دەشڵێت: ئەم پەیوەندییە لە دوو ڕەهەندی سەرەکییەوە لەخۆدەگرێت.
عەبدولجەبار ئەحمەد جەختی کردەوە، لە دوای ساڵی 2003وە هیچ حکوومەتێک لە بەغدا پێک نەهاتووە، بەبێ بەشداریی کارای هاوبەشە کوردەکان، کە پێشتر لەژێر ناوی "هاوپەیمانیی کوردستان"دا کۆببوونەوە. گوتیشی: "ناتوانرێت حکوومەت لە بەغدا بەبێ پێکهاتەی کورد پێکبهێنرێت."
سەرۆکی سەنتەری ڕوونکی ئاماژەی بەوەدا، کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی کورد لەسەر ئاستی فیدراڵی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران نییە، هەرچەندە هیچ ڕێگرییەکی دەستووریش نییە، بەڵکو کێبڕکێی سەرەکی لەسەر دوو ئاستە. یەکەمیان بەدەستهێنانی کورسییە وەزارییەکان و پۆستە سیادییەکان لە حکوومەتی فیدراڵیدا. دووەمیان کاریگەریی ئەو پشکانە لەسەر دابەشکاریی دەسەڵاتە جێبەجێکاری و یاسادانانەکان لەناو خودی هەرێمی کوردستاندا.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی کورد کرد وەک "هێلکەی تەرازوو" لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا.
عەبدولجەبار ئەحمەد ڕوونیکردەوە، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕەهەندێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی هەیە. گوتی: "کاتێک هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن و دانوستانەکان دەست پێدەکەن، فشار و فاکتەری نێودەوڵەتی دێتە ئاراوە." بۆ نموونە، هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد یەکلاکراوەتەوە جا لە یەکێتی بێت یان پارتی، بەڵام ئیدارە ڕۆژئاواییەکان هەمیشە سوورن لەسەر ئەوەی حکوومەتێکی گشتگیر پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتیی هەمووان بکات و جەخت لەسەر پتەویی پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب دەکەنەوە. ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو تایبەتمەندییانەی هەڵبژاردنی هەرێم لەوانی دیکە جیادەکاتەوە
