تەندروستی ئەفغانستان: بەهۆی بوومەلەرزەیەک سەدان کەس بوونە قوربانی
دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی 6.3 پلەی ڕێختەر باکووری ئەفغانستانی هەژاند و لانیکەم 263 کەس بریندار بوون نۆ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
دەستەی بوومەلەرزەزانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکە بە قوڵایی 28 کیلۆمەتر لە ناوەندی نزیک شاری مزار شەریف لە پارێزگای بەلخ ڕوویداوە.
کەمال خان زادران، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لە مەزار شەریف پایتەختی پارێزگای بەلخ چوار کەس گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، 120 کەسی دیکەش بریندار بوون گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شارەکە.
گوتەبێژی دەستەی نیشتمانی بەڕێوەبەردنی کارەساتەکان ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکە لە پارێزگای سەمنغان، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 143 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەشدا، زۆربەی بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
نوێکراوەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، شەرافەت زەمان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان لە گرتەڤیدیۆیەک ئاماری نوێی زیانەکانی بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لەپارێزگاکانی بەلخ و سەمنغان 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و 320 کەسیش برینداربوون"، گوتیشی: "ئەمە ئاماری کۆتایی نییە چونکە ڕێژەکە ئەگەری هەیە بەرزبێتەوە."
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، زۆرێک لە دانیشتوان مەزار شەریف لە ترسی ڕوودانی بوومەلەرزەی دیکە ماڵەکانیان جێهێشتووە. ڕوونیشی کردەوە، لە کابول هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە.
لە کۆتایی مانگی ئابدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلەی رێختەر لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ڕوویدا، زیاتر لە دوو هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەستدا.
