ئەنقەرە و ئیمراڵی کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە تاوتوێ دەکەن

حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە دەکات. هاوکات شاندێکی دەم پارتیش لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە لە کۆشکی "باشتەپە" کۆببێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی(TRT) ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای تورکیا و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت، بە تایبەت بابەتی کشانەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی باکووری کوردستان. 

 بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی TRT، تەوەرێکی ئابووری لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەویش تایبەتە بە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان و زەمینەسازی زیاتر بۆ وەبەرهێنان و سیسەتەمەکانی دامەزراندن. هەروەها بڕیارە باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی کڕینی فڕۆکەی جەنگی Eurofighter بکرێت.

لە ئاستی ناوچەکەش، کۆبوونەوەکەی حکوومەتی تورکیا تاوتوێی ئاگربەستی غەززە دەکرێت، جگە لە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بەڵام حکوومەتی تورکیا جەخت لە ئاشتییەکی هەمیشەیی دەکاتەوە.

 

شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببنەوە. 

شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ پێکدێت. ئەم سەردانە دوای کۆبوونەوەی پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە 30ی تشرینی یەکەمی  2025 دێت.

پێشبینی دەکرێت شاندەکە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان بۆ ئۆجەلان بگوازنەوە و گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕایگەیاندووە، پێویستە هەنگاوی کردەیی و ڕێخۆشکەر بۆ پرۆسەی ئاشتی بنرێت. داواشی کردووە، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بە زووترین کات دەستبەکاربێت و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە. 

 

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و ئەردۆغان

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ جاری سێیەم پێشوازی لە شاندی "ئیمراڵی"ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد. 

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تێیدا دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.

شاندی دەم پارتی، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە "هەڵسەنگاندنی ورد"یان بۆ قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کردووە و بۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەردۆغان گەیشتوونەتە "تێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگی" لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەکە "خێراتر و کاریگەرتر" بەڕێوەبچێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەنگاوێکی مێژووییدا، کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاندووە. ئەم بڕیارە دوای کۆنگرەی 12ـەمی پەکەکە دێت کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری درا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment