دۆناڵد ترەمپ: ئەحمەد شەرع دێتە واشنتن
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا دێتە واشنتن، لەبارەی ئۆکرانیاش گوتی: مووشەکی تۆماهۆکیان پێنادەین.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی 'سی بی ئێس'ـی ئەمەریکی کە ئەمڕۆ دووشەممە، بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: "ڕەنگە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بێتە کۆشکی سپی، ئەو بەجددی کار دەکات."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە سزاکانی سەر سووریامان هەڵگرت بۆ ئەوەی هەلێکیان پێ بدەین، بیستوومە سەرۆکەکەی کاری زۆر باش دەکات.
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا پشتڕاستی کردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا لەم مانگەدا سەردانی کۆشکی سپی دەکات و پرسی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
لەبارەی ئۆکرانیا ترەمپ گوتی: ئێستا بیر لەوە ناکاتەوە کە مووشەکی تۆماهۆکی دوورمەودا بە ئۆکرانیا بدات، بەڵام ڕەنگە بۆچوونی خۆی بگۆڕێت.
مووشەکی 'تۆماهۆک'ـی دوور مەودا دوو هەزار و 500 کیلۆمەتر دەبڕن، ئەمەش وادەکات ئۆکرانیا بتوانێت ناوەندی مۆسکۆ بۆردوومان بکات.
پێشتر ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای ئەم مووشەکانەی لە واشنتن کردبوو، بەڵام ڕووسیا هۆشداریی دا پێدانی ئەم مووشەکانە بە کیێڤ لێکەوتەی خراپی دەبێت.
