شاندی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە
                        شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە و تێیدا باسی پرۆسەی ئاشتیی و کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کردووە.
دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، میدیاکانی نزیک دەم پارتی بڵاویان کردووەتەوە، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبوونەوە و تاوتوێی پرۆسەی ئاشتییان کرد، هاوکات ئەمەش دەبێتە دەیەمین کۆبوونەوەی نێوانیان.
ئاماژەشیان داوە، چاوەڕێ دەکرێت سبەی سێشەممە شاندی ئیمراڵی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاو بکەنەوە.
هاوکات کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی ئیمراڵی و ئۆجەلان دوای چەند ڕۆژێک لە کۆبوونەوەی هەمان شاند لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دێت، بەپێی میدیاکانی نزیک لە دەم پارتی، شاندەکە پوختە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان بۆ ئۆجەلان و پێویستی یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی کردووە، بەتایبەت قۆناغی داهاتووی پرۆسەکە و ئەو چاکسازییە یاساییانە کە پێویستە بگیرێتە بەر بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی.
هەروەها میدیاکان ڕاشیانگەیاندووە، شاندەکە لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێی ئەگەری سەردانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیایان کردووە بۆ لای ئۆجەلان.
پێشتر ئەو میدیایانە ئاشکرایان کردبوو، شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ پێکدێت.
لەلایەکی دیکەوە، تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕایگەیاندبوو، پێویستە هەنگاوی کردەیی و ڕێخۆشکەر بۆ پرۆسەی ئاشتی بنرێت. داواشی کردووە، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بە زووترین کات دەستبەکاربێت و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ جاری سێیەم پێشوازی لە شاندی "ئیمراڵی"ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد.
