وەزیری پەروەردەی عێراق بەتۆمەتی بەهەدەردانی زیاتر لە 21 ملیار دینار ڕەوانەی دادگا کرا
دادگای دەستەی دەستپاکی عێراق، ئیبراهیم نامیس جبوری، وەزیری پەروەردەی عێراقی ڕەوانەی دادگای تاوانەکان کرد.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک ڕەوانەکردنی ئیبراهیم جبوری، وەزیری پەروەردە بۆ دادگای تاوانەکان، بە تۆمەتی زیانگەیاندنی بە ئەنقەست بە سامانی گشتیی بووە کە بڕەکەی زیاترە لە 21 ملیار دینارە.
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزیرەکەی بە تاوانی گەندەڵی و بەهەدەردانی 21 ملیار دۆلار، ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری و لای دادوەری دەستەی دەستپاکی کردبوو.
پێشتریش دەسەڵاتی دادوەری ئاگادارینامەیەکی بۆ وەزیری پەروەردە ڕەوانەکردبووە، بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ لێپرسینەوە سەبارەت بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەیەکی فەرمی.
کە بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوبووەتەوە وەزیرەکە ئاگادارکراوەتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئامادەبێت، ئەگەریش ئامادەبوونەکەی ڕەتکردەوە، دەبێت دەستگیربکرێت، کە سزای ساختەکردنی بەڵگەنامەیەکی فەرمی، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، تا 15 ساڵ زیندانیکردنە.

