ئێران، دێوەزمەی گرانی گوزەرانی کرێکارانی کردووەتە دۆزەخ

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، دەربارەی پێوەرەکانی هەڵاوسانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، نرخی نان و دانەوێڵە و میوە 100% گران بوونە؛ زیادبوونی نرخی سەوزەواتیش زیاتر لە 77% بووە. 

سێشەممە، 4ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، لە ڕاپۆرتێکدا، نووسیویەتی "هەڵاوسان هەموو سنوورە پێشبینیکراوەکانی تێپەڕاندووە و گرانبوونی قورسی کاڵا خۆراکییەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێ داوە. نرخی  نزیکەی هەموو کاڵا خۆراکییەکان لە ماوەی یەک ساڵدا، لانیکەم 100% زیادیان کردووە؛ تەنانەت ئامارە فەرمییەکانیش ئاماژە بە دوو یان سێ هێندە گرانبوونی نرخی سەبەتەی خۆراک لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەکەن."

تێچووی ژەمێک خواردنی ئاسایی بۆ خێزانێکی کرێکاری مامناوەند، هەندێک جار سێ هێندەی کەمترین کرێی ڕۆژانەیە کە لە ئەنجومەنی باڵای کار پەسەند کراوە. بەڵام بەرپرسانی باڵا چاوەڕوانن کرێکاران بە کرێی بنەڕەتی ڕۆژانەی کەمتر لە 400 هەزار تومەن، ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن.

لەلایەکی دیکەوە، داتاکان باس لە گرانبوونی بێوێنەی نرخی گۆشتی سوور لە هەفتەی ڕابردوودا دەکەن؛ نرخی کیلۆیەک لە خراپترین جۆری گۆشتی سوور، لە یەک ملیۆن تومەنە زیاترە و بە گوتەی بەرپرسانی فەرمی، هێزی کڕینی خەڵک ئەوەندە دابەزیوە کە تەنانەت گۆشتی بازاڕی دەوڵەتیش کڕیاری نەماوە.

بەرپرسان لە تێرییەوە قسە دەکەن، ئەوان نازانن خەڵکە هەژارەکە بەدەست گرانی و نەبوونییەوە چ گوزەرانێکیان هەیە. ئەوەتا کەسێکی وەکوو من، بەم تەمەنەوە ناچارم بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانم کار بکەم

خەڵک چیتر گۆشت ناخۆن

مەسعود ڕەسووڵی، سکرتێری کۆمەڵەی بەرهەمهێنان و پاکەتکردنی گۆشتی دەوڵەتی، دەڵێت: بەداخەوە زۆرینەی خەڵک چیتر توانای کڕینی گۆشتیان نەماوە و ناتوانن مانگی جارێکیش گۆشت بخۆن؛ کێشە لە هاوردەکردن و دابەشکردنی گۆشتدا نییە و نزیکەی هەموو کارەکان لەم کەرتەدا بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێو ەدەچن. کێشەی سەرەکی، نەداریی خەڵکە، بەڕاستی خەڵک توانای کڕینیان نییە."

کرێکارێکی خانەنشین، دەڵێت:  تەنیا بۆ ئامادەکردنی ژەمێک برنج و شلەی سەوزی بە نیو کیلۆ گۆشتەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار تومەنم خەرج کردووە. ئاخر چۆن دەبێت نرخی دەسکێک کەرەوز بە 200 هەزار تومەن بێت؟ مووچەی خانەنشینی من، پاش دەیان ساڵ کرێکاریی، 16 ملیۆن تومەنە. کاتێک نرخی ژەمێکی زۆر ئاسایی  ئەوەندە گران بێت، چۆن دەتوانم گوزەرانی مانگانەی خێزانە پێنج کەسییەکەم دابین بکەم؟

ئەو کرێکارە، هەروا گوتی: بەرپرسان لە تێرییەوە قسە دەکەن، ئەوان نازانن خەڵکە هەژارەکە بەدەست گرانی و نەبوونییەوە چ گوزەرانێکیان هەیە. ئەوەتا کەسێکی وەکوو من، بەم تەمەنەوە ناچارم بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانم کار بکەم.

نابەرانبەریی نرخ و داهات

نادر مورادی، چالاکوانی کرێکاری، دەڵێت: بە گوێرەی داتاکانی ناوەندی ئامار، لە ساڵی 2017ەوە تا ئێستا، نرخی فاسۆلیای سوور، 3922 هێندەی نرخی پێشووی گرانتر بووە، کەچی کرێی کرێکاران لە هەمان ماوەدا کەمتر لە 15 هێندە زیادی کردووە؛ ئەمە نابەرانبەرییەکی ترسناکە و هەرگیز لەگەڵ پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا یەک ناگرێتەوە

ئەم چالاکوانە کرێکارییە جەخت لەوە دەکاتەوە "لەم بارودۆخەدا، قسەکردن لەسەر کرێ و زیادکردنی کرێ، تەنها تراویلکەیەکی بێکۆتاییە؛ مەودای نێوان داهاتی کرێکاران و دادپەروەریی ڕاستەقینەدا، ئاسمان و ڕێسمانە و تەنیا بە قسەی ناواقیعی بەرپرسان و وادەی سەرخەرمان، چارە ناکرێت.

بێدەنگی حکوومەت سەبارەت بە ڕاستییەکان

 لەم بارودۆخەدا، وەزیری کار، لە جیاتی ئەوەی هەوڵی باشترکردنی گوزەرانی کرێکاران و خەڵکە هەژارەکە بدات، بەرگریی لە سیاسەتی کارتی خۆراک و یارانە دەکات؛ کارتێک، کە لە باشترین حاڵەتدا بڕەکەی بۆ هەر ئەندامێکی خێزان 500 هەزار تومەنە و کۆی گشتیی ئەو یارمەتییە بۆ خێزانێکی 3 یان 4 کەسی، بەشی دوو، یان سێ ژەمی خواردنی ئاسایش ناکات!

ئەحمەد میدری، وەزیری هاوکاری، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، ڕۆژی 27ی مانگی ڕابردوو لە دانیشتنی ئاشکرای پەرلەماندا، ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانی ژیانی خەڵکی پشتگوێ خست و بە ڕوونی گوتی: 85%ی خەڵک لە پلانی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی ڕازین!

Fly Erbil Advertisment