وێنەی تارمایی سپی سەرنجی جیهان ڕادەكێشێت

فۆتۆگرافەرێک بۆ یەکەمجار چەند وێنەیەکی پشیلەیەکی کێوی(Lynx)ی ئیبیری ڕەنگ سپی لە باشووری ئیسپانیا گرتووە،  کە ڕەنگە دەگمەنەکەی بووەتە جێی سەرنج.

دەرکەوتنی پشیلە کێوی ناوازە پرسیاری لای توێژەران دروستکردووە، کە ئایا فاکتەرە ژینگەییەکان کاریگەرییان لەسەر ئەم ڕەنگە هەیە یاخود نا.

فۆتۆگرافەر ئەنجێل هیدالگۆ وێنەکانی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردووەتەوە و ئاژەڵە ناوازەکەی بە "تارمایی سپی دارستانی دەریای ناوەڕاست" وەسفکردووە.

هیدالگۆ ئاشکرای کردووە لە دارستانێکی نزیک شاری جایانی ئیسپانیا لەو کاتەی کامێراکەی جێگیر دەکرد، ئەو ئاژەڵە دەگمەنەی بینیوە و چەند وێنەیەکی گرتووە و گرتەکان تەنیا چەند چرکەیەکی خایاندووە، بەڵام ڕوونی وێنەکان ناسینەوەی ئەم پشیلە کێوییە بە تووکێکی سپی و پەڵەی بچووکی تۆخ، ئاسان بووە بۆ ئەوەی ڕیشەکەی بناسرێت، کە پێچەوانەی ڕەنگە باوەکەی ئەمجۆرە ئاژەڵە کێویەیە، بەشێوەیەکی گشتیی پشیلە کێوییەکان بە ڕەنگی قاوەیی و خاڵی ڕەش دەردەکەون.

بەرپرسانی پاراستنی ئەم جۆرە ئاژەڵە ئاماژەیان بەوەداوە، کە ئەم ئاژەڵە لای توێژەران ناسراوە، بەڵام بینینی زۆر دەگمەنە.

هەروەها بڕوایان وایە، ڕەنگی پشیلە کێوییەکە  لە کاتی لەدایکبوونیدا ئاسایی بووبێت، بەڵام بە گوێرەی گەشەکردن ڕەنگەکەی گۆڕابێت، هەرچەندە ڕەفتارەکانی وەک هەر پشیلەیەکی دیکەی ئاساییە.

خاڤێر سالسیدۆ ژینگەناس گوتی: "لێکۆڵینەوە لەوە دەکەین هۆکاری گۆڕانی ڕەنگی پشیلە کێوییەکە چی بێت و یان هیچ پەیوەندییەکی بە فاکتەرە ژینگەییەکانەوە هەیە یان نا".

ئەم ژینگەناسە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمە دووەم جارە توێژەران پشیلەیەکی کێوی بەم تایبەتمەندییە دەدۆزنەوە، پێشووتریش زانایان مێیینەیەکیان لە هەمان ناوچەدا بینیبوو و بەدواداچوونیان بۆ کرد، کە ڕەنگەکەی گۆڕا بۆ سپی و پاشان گەڕایەوە بۆ قاوەیی.

سالسیدۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: " ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ بوونی جۆرێک لە هەستیاری زیادە. ئێمە ئەم حاڵەتەمان دۆزییەوە، چونکە بە وردی چاودێری پشیلەی کێوی دەکەین، بەڵام ڕەنگە لە ڕەنگەکانی دیکەشدا ڕووبدات بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین."

 
Fly Erbil Advertisment