ماکرۆن و ئەردۆغان بە تەلەفۆن لەگەڵ شەرع قسەیان کرد
هەر دوو سەرۆکی فەرەنسا و تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی سووریا گفتوگۆیان کرد، هاوکات دۆخی حەلەب و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، لەر دوو پەیوەندی جیادا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گفتوگۆیان کرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا" بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی یەکەمدا گفتوگۆ لەسەر ئاسۆی هاریکاریی دووقۆڵی و دۆخی حەلەب و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرا.
سەرۆکی سووریا ستایشی ڕۆڵی فەرەنسای کرد لە کەمکردنەوەی نەهامەتییە مرۆییەکان و پشتیوانیکردنی قۆناغی بووژانەوەی سووریا.
لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و ڕاوێژکردنی نێوان هەر دوو وڵات کردەوە.
هەروەها ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە پەیوەندییەکی دیکەی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، گفتوگۆیان لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سووریا و هەوڵەکانی چەسپاندنی ئارامی کرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە دەدرێن لە پێناو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
سەرۆکی تورکیا جەختی کردەوە، لەسەر گرنگیی "هەماهەنگیی هاوبەش" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و هەڕەشانەی ڕووبەڕووی هەردوو وڵات دەبنەوە.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی چڕ لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەر دوو وڵاتدا.
ماوەی چوار ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە، هەروەها 13 هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و 64ـی دیکەش بریندار بوونە.