کەمال ئەترووشی: یەدەگی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتووی وزەی عێراق بنەڕەتییە
کەمال ئەترووشی ڕایدەگەیەنێت، یەدەگی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی بنەڕەتی و ستراتیژییە بۆ داهاتووی وزە لە تەواوی عێراقدا، ئاماژە بەوەش دەکات، نەبوونی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا، ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم یاسای نەوت و گاز بووە.
کەمال ئەترووشی، وەزیری پێشووتری سامانە سروشتییەکان و شارەزای کاروباری وزە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 ڕایگەیاند، پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ـەوە و دوای پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز دەستی پێکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە یەدەگی هایدرۆکاربۆنی هەرێمی کوردستان، چ وەک نەوت یان گاز، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ داهاتووی کەرتی وزە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان.
کەمال ئەترووشی ڕاشیگەیاند، پێش ساڵی 2003 کوردستان بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە نەیتوانیبوو لە بواری پیشەسازیی نەوتدا هیچ هەنگاوێک بنێت، بەڵام دوای ئەوە، دەرفەتی ئازادانە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخسا تا ئاشنای تواناکانی خۆی بێت و کار بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانی بکات. جەختیشی کردەوە کە بەراورد بە ڕووبەرە جوگرافییەکەی، کوردستان خاوەنی یەدەگێکی دەوڵەمەند و باشی نەوت و گازە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پێشووتری سامانە سروشتییەکان باسی لە ڕۆڵی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا لە بواری بەرهەمهێناندا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کۆمپانیا بیانییەکان بەستراوە، کە بەگوێرەی توانا دارایی و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی خۆیان کاریان کردووە." هەروەها ئاشکرای کرد کە لە وەزارەت هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
سەبارەت بە ئاستەنگە یاسایییەکان و تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، کەمال ئەترووشی ڕایگەیاند، ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ـەوە پەسند کراوە و خاڵی هاوبەشی زۆری لەگەڵ پێشنیازەکەی عێراقدا هەبووە، بەڵام کێشەکە لەوەدابوو کە حکوومەتی ئەوکاتی عێراق دەرفەتی نەدا لێکتێگەیشتنێکی قووڵ بێتە ئاراوە.
کەمال ئەترووشی باسی لەوەش کرد، نەبوونی لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانی وزە، یەکێک بووە لە ئاستەنگە سەرەکییەکان. گوتیشی: "کاتێک لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن بۆ یاسایەکی گشتی، هەرێمی کوردستان ناچار بوو خۆی یاسای نەوت و گازی تایبەت بە خۆی دابڕێژێت."