دادگای فیدراڵی ئەمەریكا داوایەکی کۆمارییەکان رەتدەکاتەوە

کۆمارییەکان داوای راگرتنی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە نێڤادا دەکەن

K24 - ھەولێر

دادگای فیدراڵی لە ویلایەتی نێڤادا داواکاریی پارتی کۆمارییەکان بۆ راگرتنی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی رەتکردەوە.

کۆمارییەکان دەیانەوێت پڕۆسەی ژماردنی دەنگەکان لە تەواوی ویلایەتەکان رابگرن و داوایان کردووە، چاودێرەکانیان لە دووری دوو مەترەوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن، بەڵام دادگای فیدراڵی داوای کۆمارییەکانی رەتکردەوە.

لە سەرەتای پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان رایگەیاند، كە گومانیا لە ھەژماركردنی دەنگە نایاساییەكان ھەیە و دەنگی راستەقینە ھەژمار نەكراون، بۆیە لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار دەكەن.

ترەمپ دەڵێ: "دەتوانم ئەوە بڵێم کە کورسی سەرۆکایەتیم بردووەتەوە، بەڵام بەدواداچوونە یاساییەکان ئێستا دەستپێدەکەن".

جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا، كە ئێستا بە دەنگەكانی لەپێشە بۆ گەیشتن بە كۆشكی سپی، گوتی: " پێویستە لەسەرخۆ بین و ئارامبگرین هەروەها رێگە بە تەواوبوونی پڕۆسەی ژماردنی دەنگەکان بدەین. دەزانن، جارێکی دیکە هاوشێوەی 244 ساڵی رابردوو، ئەوەمان دووپاتکردەوە کە دیموکراسی لەم وڵاتە کاری خۆی دەکات. دەنگەکانتان دەژمێردرێن. گرنگ نییە خەڵکانێک هەموو هەوڵێکیاندا پڕۆسەکە رابگرن. بەڵام رێگە بەمە نادەم و گوێ لە دەنگی خەڵک دەگیرێت. لە ئەمریکا بیروبۆچوون و ناکۆکی توندمان هەیە، بەڵام ئەمە شتێکی ئاساییە. ناکۆکی قووڵ بژاردەیەکی ئاساییە لەنێو دیموکراسیدا و ناکۆکییەکانیش مانای تەندروستی سیستمەکەیە".

ھاوكات لەگەڵ گرژییەكانی لەسەر ژمارەی دەنگەكان، لایەنگرانی كۆمارییەكان لە چەند ویلایەتێكی ئەمەریكا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوا دەكەن ھەموو دەنگە راستەقینەكان بژمێردرێن.

تائێستا پرۆسەی دەنگەكان لە چەند ویلایەتێكی ئەمەریكا بەردەوامە و جۆ بایدن لە كۆی 270 كورسی، 264 كورسی مسۆگەر كردووە، دۆناڵد ترەمپیش 214 كورسی بەدەستھێناوە.