مەسرور بارزانی: پشتیوانی لە وەرزش دەکەین، تاوەکوو سەری کوردستان لە سەرانسەری جیهان بەرز بکەین
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی پشتیوانی کردن لە لیستی 275 پارتی لە دهۆک، پشتیوانی حزبەکەی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزش و وەرزشوانان دووپات کردەوە.
سێشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی جەماوەری پارتی لە دهۆک بۆ پشتیوانی کردن لە لیستی 275، گوتی: ئێمە وەک پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردنی وەرزش و وەرزش دۆستان بەردەوام دەبین، تاوەکوو سەری کورد و کوردستان لە سەرانسەری جیهان بەرز بکەین
یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە بڕی 450 ملیۆن دینار بەخشییە یانەی نەورۆز؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا یانەی وەرزشیی نەورۆز گیرۆدەی دۆخێکی نالەبار بوو.
هەر هەمان ڕۆژ، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە شەقڵاوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاندبوو: پشتیوانیی وەرزشین لە هەر شوێنێک بێت، هەموو ئەو یانانەی بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ یاری دەکەن و پێویستیان بە یارمەتی هەبێت، بەگوێرەی پێویستی یارمەتییان دەدەین.
ئەو هاوکاری و پشتگیرییەی سەرۆکی حکوومەت، بۆ پشتیوانیی وەرزش و وەرزشوانانی هەرێمە تا بتوانن بە ئاستێکی بەرزەوە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن.
یانەی وەرزشیی نەورۆز، نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و بارودۆخی خراپ بووەتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاست و چارەنووسی یانەکە داناوە.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی یانەی نەورۆز، قەیرانێکی دارایی قووڵ و درێژخایەنە. یانەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ نەیتوانیوە مووچەی یاریزانان و ستافی هونەری دابین بکات، کە لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە 50 ڕۆژ یان دوو مانگ.
