فڕۆکەیەک لە ویلایەتی کنتاکیی ئەمەریکا کەوتە خوارەوە

ئاندی بێشێر، پارێزگاری ویلایەتی کنتاکیی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری کۆمپانیای UPSـەوە، لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسی دیکەش برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان بەرزببێتەوە.

فڕۆکەکە دوای ماوەیەکی کەم لە بەرزبوونەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لویسڤیل، کنتاکی کەوتە خوارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی (FAA)، ڕووداوەکە  بە کاتی ناوخۆ ڕوویداوە و فڕۆکەکە گەشتیی ژمارە 2976 کۆمپانیای UPS بووە. ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو فڕۆکەکە لە جۆری ماکدۆنێڵ دۆگلاس MD-11 بووە و بەرەو هۆنۆلولو لە هاوایی بەڕێکەوتبوو.

کۆمپانیای UPS پشتڕاستی کردەوە سێ ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی لەنێو فڕۆکەکەدا بوون.

پۆلیسی لویسڤیل داوای لە هاووڵاتیان کردووە لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک نەکەونەوە و هۆشداریی مانەوە لە ماڵەوە بۆ دانیشتووانی ناوچەیەکەی دەوروبەری فڕۆکەخانەکە دەرکراوە.

پارێزگار بێشێر هەروەها ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە زیان بە چەندان باڵەخانەی بازرگانی لە نزیک فڕۆکەخانەکە گەیشتووە.

هەردوو ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی (FAA) و دەستەی نیشتمانی بۆ سەلامەتی گواستنەوە (NTSB) لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەکەن.

لە ئەمەریکا ئەمە سێیەم فڕۆکەیە لە ماوەی ئەمساڵ بکەوێتەخوارەوە و تێیدا چەندان کەس کوژرا و بریندار دەبن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment