لە سلێمانی فلێکسی کاندیدانی پارتی دەشێوێندرێن

لە سلێمانی وێنە و فلێکسی بەشێکی زۆر لە کاندید و لایەنە سیاسیەکان شێوێندراون و کاتی بانگەشەش بەرەو کۆتایی دەڕوات و کاندید و لایەنەكان داوا دەكەن ڕێگری لەم كارانە بكرێت.

لەگەڵ نزیکبونەوەی ڕۆژی دەنگدان، هەڵمەتی شێواندنی وێنە و فلێکسەکانی بەشەک لە لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی فراواتربووە، کاندیدێكی پارتی دیموکراتی كوردستان باس لەوە دەکات زیاتر لە سەدا 95ـی وێنە و پۆستەرەکانی شێوێندراون، ئێستا پەنا بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبەن بۆ بەردەوامیدان بە بانگەشە.

مامۆستا موستەفای شێخ خالید کاندیدی ژمارە 23ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم کارە زۆر لە زووە ئەنجامدراوە. هەر لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن و هەڵواسینی فلێکسەکان دژایەتیم کراوە، بە بەردەوامیش هەوڵی چاککردنەوەم داون و پۆستەری دیکەم لە جێگەیاندا داناوە. بەڵام ئەمڕۆ کار گەیشتووەتە ئەوەی ئەوەشت پێناکریت، چونکە بانگەشەی هەڵبژاردن بەرەو کۆتایی دەڕوات ئێمەش توانای ئەوەمان نییە ئەو هەموو فلێکسە جارێکی دیکە دروست بکەینەوە. وێنەکانیش خۆی هەر شایەتحاڵی ئەوەن کە چۆن دژایەتی ئێمە دەکەن، ئەگەر سەیرێکی شەقامی 60تیەکەی سلێمانی بکەی، دەبینی چییان لەو پۆستەرانەی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. 

لە سەرەتای بانگەشەوە بەردەوامی چاکردنەوەی فلێکسە دڕێندراوەکانی بەشەک لە لایەنەکان لە هەندێک شار لە سەر کاری چاپخانەکانیش ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لە کۆتا ڕۆژەکاندا، بەربژێرەکان لە جیاتی چاکردنەوە زیاتر ڕوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن بۆ بەردەوامی دان بە بانگەشە. 

عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان دەڵێت: ئێستا چاککردنەوەی فلێکسەکان هەیە، بەڵام زۆربەیان دووبارەیە، جا دڕابن یاخود شێوێندرابن یاخود بەربووبێتنەوە یان بە هەر وەسیلەیەک بێت، ئەوانە زیاتر چاک دەکرێنەوە.  

لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 464 چاپخانە هەن، هاوکات لە شاری 58 چاپخانەی پلە یەک هەیە.

تا دێت بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمتر دەبێت، بەشێک لە کاندیدەکان و لایەنەکانە سیاسیەکان باس لەوە دەکەن کە وێنە و پۆستەرەکانیان دڕێندراون و شێوێنراون، هیواخوازن كۆتایی بەم دیاردە ناشارستانییە بهێندرێت.

 
Fly Erbil Advertisment