ئەمەریکا بەنیازە سزای سەر سەرکردە نوێیەکانی سووریا هەڵبگرێت

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕەشنووسێکی بڕیارنامەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، تێیدا داوای هەڵگرتنی سزای سەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا، و ئەنەس خەتاب، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکە دەکات.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بە سەرکردایەتی "دەستەی تەحریری شام"، سەرکردەکانی ئەم دەستەیە بوونە دەسەڵاتداری نوێی وڵات.

"دەستەی تەحریری شام" کە پێشتر بە "بەرەی نوسرە" ناسرابوو و تا ساڵی 2016 لقێکی ڕێکخراوی قاعیدە بوو، لە ساڵی 2014وە لەگەڵ سەرکردەکانی، لەنێویاندا ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتاب، لە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جێی گرتووە. سزاکان قەدەغەی گەشتکردن، بەستنی سەروەت و سامان و گەمارۆی چەک لەخۆدەگرن.

واشنتن ماوەی چەند مانگێکە داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات سزاکانی سەر سووریا کەم بکاتەوە. لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا، دۆناڵد ترەمپ گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتی ئەمەریکادا ڕاگەیاند و ئاماژەی بە هەڵگرتنی سزاکانی وڵاتەکەی لەسەر سووریا کرد.

بۆ پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامە نوێیە، پێویستە لانیکەم نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی "بەڵێ" بدەن و هیچ کام لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە (ڕووسیا، چین، ئەمەریکا، فەرەنسا، و بەریتانیا) مافی ڤیتۆ بەکارنەهێنن. هێشتا کاتی دەنگدان لەسەر پرۆژەبڕیارەکە دیاری نەکراوە.

لیژنەیەکی تایبەتی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕێگەی بە گەشتکردنی ئەحمەد شەرع داوە، ئەمەش واتە سەردانەکەی بۆ کۆشکی سپی تەنانەت بەبێ پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیەش ئەنجام دەدرێت.

هەروەها، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمساڵدا هیچ "پەیوەندییەکی چالاک" لە نێوان "دەستەی تەحریری شام" و ڕێکخراوی قاعیدەدا بەدینەکراوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment