لە بەغدا زۆرترین و لە هەڵەبجەش کەمترین پارە لە بانگەشەی سۆشیاڵ میدیا خەرج کراوە
پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بوونەتە گۆڕەپانێکی سەرەکی بۆ گەیشتن بە دەنگدەران، بەتایبەت لە ڕێگەی سپۆنسەرکردن و خەرجکردنی پارەوە.
لەگەڵ بەردەوامبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوازە کلاسیکییەکان، پارت و کاندیدان لە سەرتاسەری عێراق هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی بەرچاو سوود لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا وەربگرن بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان.
لە ماوەی 30 ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار دۆلار تەنها لە پلاتفۆرمەکانی تایبەت کۆمپانیای مێتا (فەیسبووک، ئینستاگرام، سرێد) لە بواری ڕیکلامی سۆشیال میدیا لەسەر ئاستی عێراق بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج کراوە.
کێوان حەسەن، ئەندازیار و ڕاوێژکاری بواری دیجیتاڵ، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە، "تا ئێستا لە بەغدا 444 هەزار دۆلار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج کراوە."
ئەو ڕاوێژکارە ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، سلێمانی بە خەرجکردنی 109 هەزار دۆلار یەکەمینە و هەڵەبجەش بە کەمترین پارێزگا دادەنرێت کە 5 هەزار و 565 دۆلاری خەرج کردووە، جەختی لەوەش کردەوە، ئەم داتایانە بەردەوام لە گۆڕاندان.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای میتا بۆ ماوەی 30 ڕۆژی ڕابردوو، بڕی ئەو پارەیەی لە سپۆنسەرکردنی پۆستە سیاسییەکان یان بانگەشەی هەڵبژاردن خەرجکراوە بەم شێوەیەیە:
لەسەر ئاستی عێراق:
بەغدا: 444 هەزار و 462 دۆلار (زۆرترین).
لەسەر ئاستی کوردستان:
پارێزگای سلێمانی: 109 هەزار و 901 دۆلار.
پارێزگای هەولێر: 100 هەزار دۆلار.
پارێزگای کەرکووک: 65 هەزار و 292 دۆلار.
پارێزگای دهۆک: 43 هەزار و 27 دۆلار.
پارێزگای هەڵەبجە: 5 هەزار و 429 دۆلار (کەمترین بڕە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق).
