بە ڤیدیۆ؛ مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ـی لە هەولێر دانا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ی لە شاری هەولێر دانا.
ئامانجی ئەم پڕۆژە گەورەیە، گۆڕینی ناوچەیەکی کۆبوونەوەی ئاو و ئاوەڕۆیە بۆ ناوچەیەکی گەشتیاری و جوان لە پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ناوچەکە کە پێشتر بۆ فڕێدانی زبڵ و پاشماوە و کۆبوونەوەی ئاوەڕۆ بەکاردەهات، بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە، دەگۆڕدرێت بۆ ناوچەیەکی خاوێن و سەرنجڕاکێش. ئەو شوێنەی کە لە وەرزی هاویندا وشک بوو و لە زستانیشدا وەک زەلکاوی لێدەهات، دەبێتە "ڕێڕەوی ژیان" و سیمایەکی نوێ بە شارەکە دەبەخشێت. لەگەڵ ئەمەشدا، پڕۆژەکە چاندنی دار و سەوزایی و کردنەوەی چێشتخانە و کافێ لەخۆدەگرێت.
تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە بە ژمارە:
ڕووبەر: کۆی ڕووبەری تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە 101,600 مەتر دووجایە.
پێکهاتەی ئاو: پڕۆژەکە لە 3 دەریاچە پێکدێت و بە 2 ڕێڕەوی ئاوی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسوڕێتەوە.
قەبارەی ڕێڕەوەکە: پانیی ڕێڕەوی پڕۆژەکە لەنێوان 15 بۆ 25 مەتردایە.
قووڵی: قووڵیی ڕێڕەوەکە 5 مەتر دەبێت.
دیزاین: پڕۆژەی "ڕێڕۆی ژیان" لەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆیی و ڕاوێژکارانی ئیتاڵییەوە دیزاین کراوە.
شوێن: پڕۆژەکە لە گەڕەکی شاوەیس و سێبەردان دەستپێدەکات و تا ڕێگای سەرەکیی کەرکووک و دواتر ڕێگای مەخموور درێژ دەبێتەوە.
