سەرۆک وەزیران: ئەو شۆڕشە ئاوەدانییەی دەستمان پێکردووە، هەموو کوردستانی گرتووەتەوە
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاکاری خزمەتی هەموو پارێزگا و ناوچەکان دەکات و بەردەوامیش دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان" لە هەولێر؛ ڕایگەیاند "ئەم شۆڕشی ئاوەدانییەی کە دەستمان پێکردووە، هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت، لە پێناو گەیشتن بە گەشەپێدانێکی گشتگیر و هەمەلایەن، کە ئامانجی سەرەکیی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، لە ڕووی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گشتی و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا."
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "ئێمە هەمیشە ئامانجمان ئەوە بووە کە لە پەرەپێدانی شار و شارۆچکەکاندا هاوسەنگی هەبێت، و تەنها بایەخ بە سەنتەری شارەکان یان چەند گەڕەک و ناوچەیەک بە تەنها نەدرێت. کەواتە جیاوازیی گەڕەکەکان دەبێت کەم بکرێتەوە. بەڵکو پێویستە لە گەشەکردنی شارەکانماندا، بە پێی تایبەتمەندی، بایەخ بە گشت ناوچەکان بدرێت و لە خزمەتگوزارییەکانی ژیان وەک یەک سوودمەند بن. ئێمە ئەم سیاسەتەمان لە سەرتاسەری هەموو کوردستاندا پەیڕەو کردووە، کە جیاکاری لە نێوان شارەکاندا نەکرێت و لەناو شارەکانیشدا لە نێوان گەڕەکەکاندا نەکرێت."
مەسرور بارزانی گوتیشی "ئەوەی زیاتر منی دڵخۆش کردووە، و جێگەی ڕاستی بێت، دروستبوونی ئەو متمانەیەیە کە ئێستا خەڵک بە حکومەتەکەی هەیەتی، و ئەو پەیوەندییە تەندروستەی لە نێوان حکوومەت و کەرتی تایبەتدا دروست بووە. ئەم هاوکاری و پشتیوانییەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان وامان لێدەکات ئێمە زیاتر پێداگر بین و سوور بین لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت گوتی "دەمەوێت جارێکی تریش داوایەکی برایانە لە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان بکەم، تکایە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ژینگەکەمان بپارێزین. حکوومەت تەنیا دەتوانێت بەشێک لە ئەرکەکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت. ئێمە دەتوانین پڕۆژە دروست بکەین، بەڵام کولتوری ژینگەپارێزی ئەرکی هەموومانە. پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموومانە. تکاتان لێدەکەم یارمەتیمان بدەن با بەیەکەوە وڵاتەکەمان خۆشتر و جوانتر بکەین."
