ئانۆ جەوهەر لە پەرلەمانی ئەورووپا بەشداریی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی، لە پەرلەمانی ئەوروپا بەشداریی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەورووپا کرد و تێیدا باسی لە پێکەوەژیانی فرەئایینی و نەتەوەیی بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان کردووە.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە سەر داوای بەڕێزان لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی(دیاسپۆرا)، لە برۆکسل لە پەرلەمانی ئەورووپا بەشداری لە کۆنفرانسێکی گرنگ سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەورووپا کردووە، کە تێیدا دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا و ڕەحیم ڕەشیدی، لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی (دیاسپۆرا) ئامادەبوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە بەشی تایبەت بە سیاسەتە ئەرێنییەکانی مافی پێکهاتەکان، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی (دیاسپۆرا) گوتاری خۆی پێشکەش کرد و دواتر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی گوتاری خۆی لە سەر واقیعی پێکەوەژیان و ئاشتی لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی پێشکەش کرد.
هەروەها باسی لەوە کردووە چۆن ئەم سیاسەتەی پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بە بەدواداچوون و پشتگیری بەردەوامی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرجەستە کراوە.
لە کۆتاییدا وەزیری گواستنەوە جەختی لە پابەندبوونی بە پێکەوەژیانی فرەئایینی و نەتەوەیی کردەوە.
