یونسکۆ گوندێکی کوردستان بە جیهانی دەکات
ڕێکخراوی یونسکۆ، لە هەوڵی بە جیهانناساندنی گوندی"هەجیج"ە لە پارێزگای کرماشان، وەک یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین گوندە گەشتیارییەکانی جیهان بۆ ساڵی 2027 لەلایەن ئەو ڕێکخراووە پاڵێوراوە.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێران بڵاوی کردەوە، گوندی هەجیج دەکەوێتە شارۆچکەی نەوسوودی سەر بە شارەدێی پاوە، لە ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ و لەسەر کەناری ڕووباری سیروان لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم گوندە بە تەلارسازیی پلیکانیی ناوازەی بەناوبانگە، کە تێیدا سەقفی هەر ماڵێک دەبێتە حەوشەی ماڵەکەی سەرووی خۆی، هەر بۆیەش بە "ماسولەی بەردینی ڕۆژئاوای ئێران" ناوزەد کراوە.
گوندی هەجیج بە کولتوور و زمانی کوردیی هەورامی و سروشتە دەستلێنەدراوەکەی و کانیاوە سازگارەکانی ناسراوە. بوونی چەندان شوێنەواری ئایینی و مێژوویی، وایکردووە ببێتە یەکێک لە دیارترین مەبەستە گەشتیارییەکان لە ڕۆژئاوای ئێران.
خاڵۆ ئەحمەد، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، گەشتیاری لە ساڵانی ڕابردوودا ژیانی بۆ گوندەکە گەڕاندووەتەوە و گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی هەفتانە سەردانی دەکەن بۆ بینینی کانیاوی بڵ و مەزارگەی سەید عوبەیدوڵڵا. دانیشتووان هیواخوازن خستنە لیستی یۆنسکۆوە ببێتە هۆی باشترکردنی باری گوزەرانیان و پاراستنی کولتوورە ڕەسەنەکەیان.
پێشتر بەشێک لە گوندەکە بەهۆی دروستکردنی بەنداوی داریانەوە ژێرئاو کەوت، بەڵام ئێستا خەڵکی گوندەکە بە هاوکاریی بەرپرسان کار بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری دەکەن.
لە گوندەکەدا مەزارگەی سەید عوبەیدوڵڵا هەیە، کە دەگوترێت کوڕی ئیمام موسای کازم و برای ئیمام ڕەزایە. ئەم مەزارگەیە شوێنێکی پیرۆزە لای خەڵکی ناوچەکە و بۆ مەراسیمی ئایینی بەکاردێت. هەروەها ئەم کانیاوە بە سەرچاوەی کورتترین ڕووباری جیهان دادەنرێت.لەگەڵ ئەوەش دا، خەڵوەتگەیەکی مێژووییە و هەموو ئەم شوێنەوارانە لە لیستی ئاسەواری نیشتمانیی ئێراندا تۆمارکراون. کنە و پشکنینە شوێنەوارییەکان لە دەوروبەری هەجیج، ناو و ئێسکی مرۆڤ و ئاسەواری ژیانی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی بەردینی کۆن، واتە زیاتر لە 40 هەزار ساڵ پێش ئێستا، دەگەڕێتەوە.
عەزیز مستەفایی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی قەزای پاوە، ڕایگەیاند: "هەجیج یەکێکە لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ڕۆژئاوای وڵات و هەموو پێوەرەکانی تێدایە بۆ ئەوەی بخرێتە لیستی باشترین گوندە گەشتیارییەکانی یۆنسکۆوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە کۆتاییەکان بۆ ئامادەکردنی دۆسیەی پاڵاوتنی گوندەکە ئەنجامدراوە. جەختی لەوەش کردەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە، پاراستنی میراتی کولتووری و پەرەپێدانی گەشتیاریی بەردەوام لە ناوچەی هەوراماندا، هەروەها بەشداریی خەڵک بە فاکتەری سەرەکیی سەرکەوتن دادەنرێت.
پسپۆڕان پێیانوایە کە گوندی هەجیج "گەوهەرێکی درەوشاوەیە لە دڵی هەوراماندا" و تۆمارکردنی لە لیستی میراتی جیهانییدا دەبێتە نموونەیەکی سەرکەوتووی گەشتیاریی بەردەوام و گەشەپێدانی هاوسەنگ لە ناوچەکەدا.
