کۆریای باکوور هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمەریکا دەکات

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاویکردەوە، وڵاتەکەیان ڕەخنەی توند لە ئیدارەی ترەمپ دەگرێت بەهۆی سەپاندنی سزای "دوژمنکارانە" و سوێندی خواردووە کە تۆڵە بکاتەوە.

لە بەرامبەردا، ئاژانسی KCNA لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور و بەرپرسی کاروباری ئەمەریکایە، پەیامێکی توندی گەیاند و ڕایگەیاند: "کەس ئەوەندە گەمژە نییە کە چاوەڕوانی دەرئەنجامێکی نوێ بکات، لە کاتێکدا هەمان سیناریۆی کۆن و شکستخواردووی ڕابردوو پەیڕەو دەکاتەوە."

ئەم هەڵوێستەی کۆریای باکوور دوای ئەوە دێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە سزای بەسەر هەشت کەس و دوو لایەنی دیکەدا سەپاند. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو کەس و لایەنانە بەشداربوون لە چەندان پلانی سپیکردنەوەی پارەی ئەلیکترۆنی بۆ کۆریای باکوور. ئامانجی سەرەکیی ئەم سزایانە، بڕینی سەرچاوەی دارایی بەرنامەکانی چەکی ئەو وڵاتەیە.

ڕۆژی 25ـی ئۆکتۆبەری 2025، دۆناڵد ترەمپ دەستی بەگەشتێکی بۆ وڵاتانی ئاسیا کرد و بەر لە گەشتەکەی گوتی: ئارەزوو دەکات لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور کۆببێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، "کیم جۆنگ ئون، دەزانێت ئێمە بەرەو ئەوێ دەچین" ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور "هاورایە" 

کیم جۆنگ ئۆن لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، یادگاری خۆشی لەگەڵ ترەمپ هەیە و ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا دەربڕیبوو. جەختی لەوەش کردبووه‌وه‌، ئەگەر واشنتن واز لە داواکارییەکەی بهێنێت کە وڵاتەکەی دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوا دەرگای گفتوگۆکانی کراوە دەبێت.

 دوایین جار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2019 چاوی بە کیم جۆنگ ئون کەوت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment