یارسانەکانی کرماشان کتێبخانەیەک بۆ منداڵان دەکەنەوە
کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی دەرەدرێژ، یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری کرماشان. دانیشووانی ئەم شارە پەیڕەوی ئایینی یارسانن لەبەر ئەو تایبەتمەندییە ئایینییە بۆشایی خزمەتگوزاری هەیە و خەڵکی گەڕەکەکە خۆیان هەوڵ دەدەن بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە. یەکێک لەو هەوڵانە دروستکردنی کتێبخانەیەکە بۆ منداڵان.
یاسین مەولایی، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە بە دامەزراندنی ئەم کتیبخانەیە دەمانەوێ ئەو کەلێنە کولتووری و کۆمەڵایەتییە پڕ بکەینەوە کە بەرپرسان پشتگوێیان خستووە.
چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی گەڕەکەکە لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە داوای هاوکارییان لە خەڵک کردووە و بەو شێوەیە حەوت هەزار بەرگ کتێبیان کۆ کردووەتەوە کە زیاتر لە ٥٠٠ بەرگیان کتێبی کوردین و زۆرتری کتێبەکانیش باسی فەرهەنگ و مێژووی کوردستان و کوردن.
موجتەبا وەیسی، هاووڵاتی، دەڵێت: ئەم کتێبخانە بۆ ژیانەوەی کولتوور و داب و نەریتی ناوچەکە و زیادکردنی زانیاری و ئاستی ڕووناکبیری خەڵکەکە زۆر گرنگە.
لەم کتێبخانەیەدا بێجگە لە هاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوەی کتێب، بەرنامەی فێرکردنی ئامێری تەموورە وەک ئامێرێکی ڕەسەنی مۆزیکی کوردی و خولی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و بەرنامەی دیکەش بەڕێوە دەچێت..
سیامەک نەجەفی، یەکێک لە مامۆستایانی خۆبەخشی کتێبخانەکە دەڵێت، پەروەردەی منداڵان گرنگە، ئەم گەڕەکەش تایبەتمەندیی خۆی هەیە. کتێخانەکەمان ناوەندێکە بۆ ئاشناکردنی منداڵان بە مێژوو، زمان و کولتوور؛ لێرەوە بناغەیەکی پتەو بۆ داهاتووی منداڵەکانمان دادەڕێژین.
ئایینی یارسان، یەکێک لە ئایینە دێرینەکانی کوردەوارییە کە پەیڕەوەکانی بە ئەهلی هەق و کاکەییش ناسراون و لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لەوانە کرماشان، هەڵەبجە، کەرکووک، نێوان هەولێر و مووسڵ دەژین و کولتوور و عادەتی ئایینیی خۆیان هەیە.
