کتێبێک لەسەر قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی بڵاو کرایەوە

کتێبێکی نوێ بەناوی "عەبۆ قاوەچی" کە لە نووسینی محەممەد سەعید کوردەیە، کتێبەکە لەدوتۆی 80 لاپەڕەیە، لەلایەن ناوەندیی ڕۆژهەڵات چاپکراوە و بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، کتێبەکە لەمەڕاسیمێکدا لە قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی بە واژووی نووسەر بڵاو کرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد سەعید کوردە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ناوەرۆکی کتێبەکە باس لە ژیان و گوزەرانی "عەبۆ قاوەچی" دەکات کە وەکو یەکەمین قاوەچی دەرگای بە ڕووی خەڵکیدا کردەوە و سەرەتا لە ساڵانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن سلێمانی باپیرە گەورەیان لەسەر قەڵاتی هەولێر کرایەوە، پاشان لەسەر قەڵات هاتە خوارەوە و لە چەندین شوێنی شاری هەولێر جێگیر بوو.

گوتیشی: ئەو کتێبە لە دوتۆی 80 لاپەڕەدایە و بە دیزاینێکی جوان بە ڕەنگاو ڕەنگ لە ناوەندیی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بە تیراژی 500 دانە لەسەر ئەرکی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر چاپکراوە. 

کوردە، باس لەڕۆڵی قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی دەکات و دەڵێت: لە سەرەتای هەشتاکان، ئەو قاوەخانەیە بوو بە بارەگایەکی بچووک، بۆ کۆکردنەوەی ڕێکخستنی پێشمەرگە و دانانی نەخشە و پلان بۆ ڕزگاربوون لەدەست ڕژێمی پێشوو بەتایبەت دوای دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

جێگای ئاماژەیە، محەممەد سەعید کوردە وەکو نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە ماوەی ڕابردوودا چوار کتێبی دیکەشی بە ناونیشانەکانی "چەند بابەتێکی ڕۆژنامەوانی 2004 - جاری جاران 2019 - گەڕەکە کۆنەکانی هەولێر 2021- سیما دێرینەکانی هەولێر 2023" بە چاپ گەیاندووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل