کتێبی بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (1926-1970)  بڵاوکرایەوە

کتێبی بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق لە نێوان ساڵانی 1926-1970 لە نووسینی، ماجد حەسەن عەلی، بڵاوکرایەوە.

کتێبی بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (1926-1970)  کە توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە، بڵاوکرایەوە، باسی مێژووی بزووتنەوەی قوتابیانی کورد و خەباتی پیشەیی و سیاسییان لە عێراق لە نێوان ساڵانی (1926-1970) دەکات، لە پێشەکی و بەرایی و چوار بەش و پاشکۆکان پێکهاتووە.

 ئەم کتێبە لە بەرایی باس لە سەرەتایی پەیدابوونی توێژی قوتابیانی کورد و سەرهەڵدانی هۆشیاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی قوتابیان، لە کۆتایی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەکات، دواتر هەنگاونان بۆ دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوی قوتابیانی کورد بەناوی کۆمەڵەی هێڤی لە ساڵی 1912و ڕۆڵی قوتابیانی کورد لەو کۆمەڵە و ڕێکخراوانەدا.

هەروەها بەشی یەکەمی لە بارەی ڕۆڵی قوتابیانی کورد لە کۆمەڵە ڕۆشنبیری و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کورد لە عێراقدا لە نێوان ساڵانی (1926-1946)ە، دوو تەوەر لەخۆدەگرێت، ڕۆڵی قوتابیانی کورد لە پێکهێنانی کۆمەڵە ڕۆشنبیری و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا تا سەربەخۆیی عێراق ساڵی 1932 وەک کۆمەڵەی قوتابخانەی نەهزە (ڕابوون)، ئەو کۆمەڵانەی دوای یەکلاییکردنەوەی ویلایەتی موسڵ پێکهاتن، کۆمەڵەی لاوان، کۆمەڵەی یاریدەدەری کورد و کۆمەڵەی دیدەوانی کورد. پەرەسەندنی ڕۆڵی قوتابیانی کورد لە قۆناغی دوای سەربەخۆیی عێراقدا وەک یانەی سمکۆ شکاک، کۆمەڵەی ئازادیی کورد، کۆمەڵەی بروسک، کۆمەڵەی دارکەر، پێشڕەوی قوتابیان لە حزبی هیوا  و ڕۆڵی قوتابیان لە کۆمەڵە و ڕێکخراوە چەپەکانی کوردا.

بەشی دووەمی کتێبەکە،  تایبەتە بە پەرەسەندنی ڕێکخستنەکانی قوتابیانی کورد لە عێراق لە نێوان ساڵانی (1946-1970)، لە دوو تەوەر پێکدێت، باسی هەوڵەکانی دروستکردنی ڕێکخراوی قوتابیان لە عێراق دەکات وەک هەوڵە بەراییەکانی پێکهێنانی یەکێتیی قوتابیان لە عێراق، دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوی قوتابیان لە عێراق، سەرهەڵدانی ڕێکخراوێکی بزوتنەوەی قوتابیانی کورد دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد (پارتی)لە ساڵی 1946، پێکهێنانی ڕێکخراوی قوتابیانی کورد(K.P.X)(کۆمەڵەی پێشکەوتنی خوێندەواری) ساڵی 1946لە کۆیە و کۆنگرەی (ئەلسیباع)ی ساڵی 1948 و یەکێتیی گشتی قوتابیانی عێراق، پێکهێنانی ڕێکخراوی قوتابیانی کورد لە عێراق وەک دامەزراندن و پەرەسەندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان.

بەشی سێیەمی کتێبەکە دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت لە بارەی هەڵوێستی قوتابیان و ڕێکخستنەکانی قوتابیانی کورد لە هەمبەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە لە نێوان ساڵانی 1926-1970یە، پەرەسەندنە ناوخۆیی وەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ناسیوناڵیستی کورد، ڕووداو و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ماوەی نێوان ساڵانی (1926-1961)، ڕاپەڕینی بارزان لەنێوان ساڵانی 1943-1945، هەڵوێستی قوتابیان هەمبەر سیاسەتی حکوومەت بەرانبەر بارزانییەکان، شۆڕشی 11ـی ئەیلوول و پەرەسەندنەکانی 1961-1970، جیابوونەوە لە پارتی ساڵی 1964و ڕێککەوتنامەی 11ـی ئاداری 1970. پەرەسەندنە سیاسیەکانی عێراق و عەرەبی وەک بزوتنەوەی مایسی 1941، ڕاپەڕین (وثبة)ی کانونی دووەمی 1948، ڕاپەڕینی تشرینی دووەمی 1952، شۆڕشی 14ـی تەمموزی 1958 و ڕژێمی تازە، کودەتای 8ی شوباتی 1963، پرسی فەلەستین و دوژمنکارییە سێقوڵییەکەی سەر میسر لە سالی 1956.

بەشی چوارەم تیشک دەخاتە سەر چالاکییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی بزوتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق وەک ڕۆژنامەگەری و بڵاوکردنەوە، کتێب و وتار، بەشداریکردن لە فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا، پێشکەشکردنی شانۆگەری و نمایشە هونەرییەکان، ئاهەنگێڕان بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، ئاهەنگەکانی یەکترناسین و چالاکییەکانی دیکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل