مەسرور بارزانی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا 140 هەزار هەلی کارمان لە کەرتی تایبەت ڕەخساندووە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، لە کوردستان نەمانویستووە تەنیا گرنگی بە سێکتەری، بەڵکوو گرنگیمان بە کەرتی کشتوکاڵ داوە و ئابووریمان فرەچەشن کردووە. گوتیشی: لە کابینەی داهاتوودا گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی دەدەین.
پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەڵای هەولێر، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک گەنج، ئاماژەی بەوە کرد، دوو جۆرە کارکردن هەیە لە کوردستان، لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، لە ساڵی 2013ـەوە حکوومەتی عێراق ڕێگەی نەداوە خەڵک لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی هەمیشەیی لە کەرتی گشتی دابمەزرێت، ئەوەش ڕێگر بووە لەوەی خەڵک لە کەرتەدا کار بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە کەرتی تایبەت دەکرێت دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانمان فەراهام بکرێت.
گوتیشی: تاوەکوو ئێستا 140 هەزار هەلی کار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەت ڕەخسێنراوە، پرۆژەی دیکەمان هەیە وەک پڕۆژەی گەشانەوە، کە هاوکاری گەنجانمان دەکات تا ببنە خاوەنی کاری خۆیان ئەو پرۆژەیە بەردەوامە، ئێمە هاوکاری گەنجەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی کاری خۆیان فراوانتر بکەن.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەبێت ژێرخانێکی دروستی ئابووریمان هەبێت، ئەگەر ئەو ژێرخانە دروست بوو ئەو کات هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی بانک وەربگرن، ئەمەش بەشێکی گرنگە بۆ دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنج.
زیاتر گوتی: لە لایەکی دیکەوە دروستکردنی هەلی کار دەگەڕێتەوە بۆ پرۆژەکانی حکوومەت، لە کوردستان نەمانویستووە تەنیا گرنگی بە نەوت و غاز بدەین، بەڵکوو گرنگیمان بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، ئابووریمان فرەچەشن کردووە.
باسی لەوەش کرد، ئەو بەرنامەیەی کە دەستمان پێکردووە، بە تایبەت لە سێکتەری کشتوکاڵ وای لێ هات بەرهەمی جووتیارانمان لە ناوخۆ ساغ بکرێتەوە، بە تەنیا ئەوەش نا بەڵکو دەرگای هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانمان بۆ دەرەوەی کوردستان کردووە، ئەمەش وای کرد خەڵکێکی زۆر ڕوو لە کشتوکاڵ بکەن و پەرە بە بەرهەمەکانیان بدەن و دەرفەتی کاریش لەو کەرتە زیاتر بێت.
لە بارەی سێکتەری گەشتوگوزاریش کە هەلی کار زۆری دەڕەخسێنێت، مەسرور بارزانی گوتی: یارمەتی زۆری ئەو کەرتەمان داوە و هێشتا لە سەرەتاین بەرنامەی زۆر زیاترمان هەیە کە گرنگی بە هەموو کوردستان بدەین، چونکە هەموو شوێنێکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، لە کابینەی داهاتوودا گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی دەدەین، بۆ ئەوەی گەنجەکانمان کە شارەزاییان لەو کەرتە هەیە بتوانن کاری تێدا بکەن، لە لایەکی دیکەوە زانست و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی وڵاتانی دیکە بێنینە کوردستان، ئەمەش بۆ دروستکردنی هەلی کارە و خەڵکی ئێمە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
گوتیشی: لە بەرنامەمان دایە داوا لە کۆمپانیا جیهانییەکان بکەین بێنە کوردستان و هەم گەنجانمان زیاتر شارەزا بکەن، هەم دەرفەتی کاریشیان بۆ بڕەخسێنن.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئایا گەنج دەیەوێت کار بکات و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە خۆی دەبیێت کار بکات و وڵاتەکەی ئاوەدان بکاتەوە؟ ئەگەر ئەم بڕوایەی لە لای گەنج دروست بوو، من پێم وایە ئەو کاتە لەسەر ڕێگەی ڕاستین و گەنجەکانمان ئەو کات دەتوانن سوود لەم سیاسەتە وەرگرن.
لە بارەی داهاتی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، "پێشتر داهاتێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان هەبوو، حکوومەتی فیدراڵ بەبێ کێشەی داهاتی هەرێمی دەنارد، بەڵام لە دوای ساڵی 2014ـەوە، سیاسەتیان بەرانبەر بە هەرێم گۆڕا، بودجەیان بڕین بە تایبەتی لە چوار ساڵەی کە شەڕی داعش هەبوو لە 2014 تا 2017 بودجە بۆ هەرێم نەدەهات، بۆیە حکوومەتی هەرێم ناچار بوو ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوتمانییان لێ دەکڕی قەزریان لێ وەرگرین، کە ئەمەش بووە قەرزێکی کەڵەکەبوو لەسەرمان تاوەکوو ئێستا ئەو پرسە چارە نەکراوە، دواتر حکوومەتی فیدراڵی فشاری زیاتری دروست کرد کە مووچە نەنێرێت یان بودجە بە شێوەیەکی گشتیی کەم بکاتەوە، شتێکیشیان داهێنا بە ناوی (ئینفاقی فیعلی)، هەر چەندە لە یاسا بودجەدا بەشی هەرێمی کوردستان دیاریی کراوە، بە پێی ڕێژەی دانیشتووانیش بێت، دەبێت 14% داهاتی عێراق بۆ هەرێم بێت، بەڵام 5%ـی ئەو داهاتە بۆ هەرێم نەنێردراوە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆمان دروست کرد".
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لەوەش کرد، تا ئێستا قەرزێکی زۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لای هاووڵاتییان ماوە، بەڵام نەمانویستووە فشار دروست بکەین، هەمیشە بارودۆخی هاووڵاتییانمان لەبەر چاو بووە.
لە بارەی مامەڵەی حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گوتی: حکوومەتی فیدراڵی مامەڵەیەکی هەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە لە سیستەمی فیدراڵیدا شتێک نییە بە ناوی مووچە، دەبێت بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی تەرخان بکرێت، ئەو کات حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بەرپرس دەبن لە بەرانبەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو بودجەیە، بەڵام ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق دەستوەردان لە هەموو کارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
گوتیشی: حکوومەتی فیدراڵ ناهێڵێت دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بودجە وەک خۆی نانێرێت، ئەوە بەشە مووچەیشمان بە کەموکوڕی بۆ دەنێرێت، ئەوان ئەو پارەیەی لە هەرێم وەریدەیگرن جارێکی دیکە بە کەموکوڕییەوە بە ناوی مووچەوە بۆمانی دەنێرنەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند: کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە داهاتمان سنووردارە، کاتێک هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستا، بەشێکی گەورەی داهاتی هەرێمی کوردستان وەستا، حکوومەتی عێراق مووچەشی نەدەنارد، مووچە نەبێت داهات نابێت، ئەو کاتە جوڵەی بازرگانیش نامێنێت، ئەمەش وا دەکات داهاتی ناوخۆ کەمبێتەوە، ئەمانەش هەمووی بوونە فشار لەسەر حکوومەتی هەرێم، هەر چەندە بەشێک لە لایەنەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکان بە تایبەت ویستیان وێنای ئەم ڕاستییە بکەن کە بڵێن حکوومەتی هەرێم مووچە نادات، کە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە.
هاوکات دووپاتی کردەوە، کاتی خۆی مووچەش دەدرا، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی خودی هەرێمی کوردستان بوون کە داوایان لە بەغدا کرد ڕاستەوخۆ مووچە بنێرێت و دەستوەردان بکات لە کاروباری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەمەش ڕێگەی بۆیان خۆش کرد بودجە و مووچە وەک خۆی نەنێرن.
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، لە بودجەی ساڵی 2026ـدا بە هیچ جۆرێک بەم شێوەیە قبووڵ ناکەین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بکەوینە گفتوگۆ.
ڕاشیگەیاند: ئەم جارە جەخت لەسەر دابینکردنی بودجە دەکەینەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەمە جێبەجێ بوو بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەو کاتە شتەکان وەک پێویست بەڕێوە بەرین و کێشەمان نابێت، بەڵام دەبێت بەغداش پابەند بێت، بە داخەوە عێراق وەک وڵاتێکی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات.
مەسرور بارزانی گوتی: هەر کەسێک سەرۆک وەزیران بێت ئەرکی ئاسان نابێت و ئەم پۆستە بۆ هەر کەسێک بێت ئەمانەتە، هەر کێ لەم ئەرکە دابێت، دەبێت لەگەڵ خودا، خۆی و خەڵکەکەی ڕاستگۆ بێت، ئەوەی گرنگە چەندت لە توانادایە، چونکە ڕەنگە نەتوانی هەموو کارێک بکەیت، بەڵام ئەوەی جێی داخە خەڵکانێک ڕاستیەکە دەزانن، بەڵام بۆ مەرامی سیاسی خۆیان، ڕاستییەکان دەشێوێنن و خەڵک چەواشە دەکەن، بە جۆرێکی دیکە چیڕۆکەکە دەگێڕنەوە. بە داخەوە ئیرەیی سیاستی بگاتە ئاستێک هەموو ڕاستییەکان بشێوێنن، بەڵام من لەو باوەڕەدام خەڵکی ئێمە چاو کراوەیە و ڕاستییەکان دەبینێت، بۆیە بە ئەمانەتەوە کاربکەی خودا و خەڵکیشت لەگەڵ دەبێت.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، سۆشیال میدیا ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ گەیاندنی پەیام و تێکەڵبوونی کۆمەڵگە بە هەموو شێوەیەک، هەرچەندە پێشتر ئاسان نەبوو، چونکە دەبوو لە ڕێگەی تەلەفزیۆن یان ڕادیۆ یاخود چاپەمەنی پەیامەکان بگەینی یان لە ڕێگەی دیداری ڕاستەوخۆوە، بەڵام ئێستا کات بۆ سۆشیال میدیا گرنگ نییە، چونکە دەتوانی هەموو کاتێک پەیامەکانت بگەینی، بەڵام چۆنیەتی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا گرنگە، هەندێک جار بۆ لایەنی باشە بەکاردێت، بە داخەوە هەندێک جاریش بۆ هەڕەشەکردن یان بۆ مەرامێکی نا تەندروست بەکار دێت، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپ لەسەر هاووڵاتییان دروست دەکات، هەرچەندە پێش هاتنی سۆشیال میدیا ئەمانەی نەبوو، بۆیە هیوادارم بەکارهێنەرانی بۆ لایەنی باشە و سوودگەیاندن بەکاری بهێنن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی کە دەبێت مووچەی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت کە پێویستە چەند بێت، چونکە دەبێت بە گوێرەی یاسا ڕێک بخرێت، بەڵام بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت کۆنترۆڵی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت بکات، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرۆژەی داماناوە ئەویش بە ڕێگەی دیجتاڵی و (هەژماری من)، چونکە ئەو کات هەموو دەگەڕێتەوە لای حکوومەت و ڕوون دەبێت، هەروەها هیچ خاوەنکارێک ناتوانێت بڵێت، ئەوندە مووچەت پێدەدەم، چونکە بە گوێرەی یاسا هەمووی ڕێک دەخرێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغە، هەروەک چۆن پرۆژەکانی دیکە خەون بوون، بەڵام بەدیهاتن، خودا پشتیوان بێت ئەمەش جێبەجێ دەکەین، هەروەها دەمانەوێت یاسای خانەنشینی لە کەرتی تایبەت جێبەجێ بکەین و بەمەش کارئاسانییەکی زۆری حکوومەت دەکرێت و بە جیددی کاری لەسەر دەکەین، هەر بۆیە کەرتی تایبەت دەبێتە باشترین شوێن بۆ کارکردنی گەنجان.
هەروەها دەربارەی پرۆژەی ڕووناکی، سەرۆکی حکوومەت گوتی: کارەبای 24 کاتژمێری خەونێک بوو، زۆرێک پێیان وابوو بەدی نایەت، عێراق تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە کارەبای 24کاتژمێری بۆ شارەکانی خۆی دابین بکات، هەروەها ئێمە نەهاتووین موعجیزە دروست بکەین، بەڵکوو ڕیفۆرمان کردووە لە ساڵی 2023 بڕیارمان دا جێبەجێی بکەین و لە ساڵی 2024 کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، لە کۆتایی ساڵی 2026 هەموو کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری، بەڵام بەشی زۆری ئەو پارەی لە کارەبای نیشتیمانی خەرج دەکرا بۆ حکوومەت نەدەگەڕاوە، حکوومەت هەموو ساڵێک دوو ملیار و نیوی خەرج دەکرد، کەچی خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری نەبووین، ئەو پارەی هاووڵاتییان پێشتر بۆ کارەبایان خەرج دەکرت، ئێستا زۆر لەو بڕە کەمتر پارەی کارەبایان بۆ دێتەوە، هیچ کەسێک لە کارەبای 24 کاتژمێری زیان ناکات، تانەنەت خاوەن مۆلیدەکانیش زەرەرمەند نابن، ئەگەر حکوومەتی عێراق بیەوێت دەتوانین ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ وڵاتەکە بگوازینەوە.
سەرۆکی حکوومەت لە بارەی پرۆسەی بە دیجیتاڵیکردن، ئاماژەی بەوە کرد، بە دیجیتاڵکردنی تەواوی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکوومەت کارێکی ئاسان نییە، سەرەتا داتا سەنتەرێکمان دروست کرد کە لەسەر ئاستی جیهانیش هەر بەم شێوەیە، پێشتر ئەگەر هاووڵاتییەک سەردانی نەخۆشخانەیەکی کردبا شوێنی دانیشتن و پشوودانی نەبوو، بەڵام لە یەکەم قۆناغ کارئاسانیمان بۆ هاووڵاتییان کرد، بەڵام کارکردن لەسەر سیستەمی دیجیتاڵی کارکردنی زیاتری دەوێت، سەرەڕای ئەوەی کارکردن تێیدا بەردەوامە بۆ بەستنەوە تەواوی وەزارەت و فەرمانگەکان. ئەمەش هەمووی لە چوارچێوەی ئەو دیدگایەیە کە ناومان ناوە یەک پەنجەرەیی، نەوەکوو بۆ ڕاپەڕاندنی کارێکی سەردانی ژمارەیەک فەرمانگە بکات، ئەمەش بەدی دێت، بەڵام کاتی زۆری پێویستە و بەردەوام دەبێت ڕاهێنان بە کارمەندەکان بکەی، هەر بۆیە پێویستە زۆر بە خێرایی خۆمان ڕابهێنین، چونکە تەکنەلۆژیا زۆر بەخێرایی لە گۆڕان دایە.
هەروەها باسی لەوە کرد، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەوای هەولێر زۆر گۆڕاوە و پاک بووەتەوە، بەشێک، ئەمەش بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێر و هەڵگرتنەوەی مۆلیدەکان بووە، پرۆژەی سەوزایی یەکێکی دیکەیە لەو پرۆژانەی کە وا دەکات هەوا و ژینگەی هەولێر پاک ببێتەوە، لە هەموو شارەکانی کوردستان گرنگی بە زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی دەدرێت، بە تایبەتی پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر کاریگەریی ئەرێنی و باشی دەبێت، بەڵام بەشێکی سەرەکی پێویستی بەوەیە کولتووری ژینگەپارێزی پەرەی پێ بدرێت، هەر لە قوتابخانەوە دەبێت منداڵ و قوتابی پەروەردە بکرێت ژینگەکەی پاک ڕابگرێت.
جەخت لەوەش کردەوە، زۆر دڵگران دەبێت کاتێک کەسێک ژینگە پیس دەکات، چونکە هەست دەکات بێڕێزی بە وڵاتەکەی دەکات، ئەمە بەرپرسیارەتیێکی هاوبەشە ئەرکی هەمووانە دەبێت جێبەجێی بکەن.
مەسرور بارزانی لە بارەی ماددەی 140ـەوە جەختی لەوە کردەوە، بە هیچ شێوەیەک واز لە ماددەی 140 ناهێنین، دەبێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەسەر ئەوە دەمێنیتەوە تاوەکوو چەند دەگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی لە عێراق حوکمڕانی دەکات، چونکە بە داخەوە تاوەکوو ئێستا بیرۆکەی ناوەندگەرایی بەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق زاڵە، باوەڕیان بە فیدراڵییەت نییە، ناوەچەکانی ماددەی 140 ناوچەی دابڕێنراون، لە کاتی جیاوازدا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شوێنانە دراوە، ئێمە خۆمان بە خاوەنی ئەم خاکە دەزانین و وازیش ناهێنین.
لە وەڵامی پرسیاری هونەر کاریگەری لەسەر سەرۆکی حکوومەت دەبێت یان نا؟ سەرۆکی حکوومەت بە پێکینینەوە گوتی: ئەمە پرسیارێکی زەحمەتە، چونکە خۆم حەزم بە هونەرە و بە گوێرەی کات سەیری فیلم دەکەم و کتێبیش دەخوێنمەوە، بەڵام هیچ بابەتێکی دیاریکراو نییە، چونکە هەموو هونەرێک چێژێکی تایبەتی خۆی هەیە.
مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری بەشێک لە بەشداربوواندا دووپاتی کردەوە، دەمانەوێت یارمەتیی هەموو گەنجێک و هاووڵاتییەک بدەین، هەر کەسێک بیەوێت بەرهەمەکەی بخاتەڕوو حکوومەتی هەرێم پشتیوانیی دەکات، دەکرێت پێشانگەی زیاتری هونەری بکرێتەوە.
هەروەها مەسرور بارزانی داوا لە هەموو سەرمایەدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بەرهەمی هونەری ناوخۆیی بکڕن. گوتیشی: لێرەوە بەرهەمی هەر یەکێکتان دەکڕم، حکوومەتی هەرێم هەموو کارئاسانییەک بۆ هونەرمەندان دەکات بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پێشانگە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و ئەوەی لە توانای ئێمە دا بێت درێغی ناکەین.