پزشکیان: تاران لەبەردەم مەترسی بێئاویدایە
لە میانی سەردانی دا بۆ پارێزگای سنە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی کێشەی کەمئاوی لە تاران کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی نەباراینی باران، تاران کەتووتە بەردەم مەترسییەکی گەورەی بێئاوی و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و باران نەبارێت، ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین.
پزشکیان جەختی لەسەر گرنگیی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئاو کردەوە و ڕایگەیاند: "دەتوانین هانی خەڵکی بدەین دەست بە ئاوەوە بگرن و ئەو قەیرانە تێپەڕینین."
سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشیگەیاند، "پێویستە هەموو هەنگاوەکانمان لەسەر بنەمای پلانی ورد، سوودوەرگرتن لە زانست و زانیاریی سەردەمیانە، و گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردن بێت، تاکو پارێزگا، شار و وڵات بە ئاراستەیەکی دروستدا بڕۆن."
پێشتر بەهزاد پارسا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوی تاران، ڕایگەیاندبوو، بەنداوی ئەمیر کەبیر، یەکێک لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاو بۆ شارەکە، "تەنیا 14ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، کە دەکاتە سەدا 8ـی توانای گلدانەوەی." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕە ئاوە تەنیا "بۆ ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە" بەشی پێداویستییەکانی تاران دەکات.
پێشتریش لە مانگی تەممووزدا، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران، ڕایگەیاندبوو، ئاستی ئاوی چوار بەنداوی سەرەکیی شارەکە بە ڕێژەی سەدا 87ـی دابەزیوە. بە وتەی کۆمپانیای ئاوی پارێزگاکە، بەهۆی وشکەساڵی پێنج ساڵی ڕابردوو و کەمیی باران، یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا.
تاران، زیاتر لە 10ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە و دەکەوێتە بناری باشووری چیای بورز، ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەکاردەهێنێت. بەهۆی ئەم قەیرانەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەک ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، ئاو لە چەندان گەڕەکی شارەکە بڕدراوە و ئەم حاڵەتە لە وەرزی هاوینیشدا بەردەوام بووە. تەنانەت دەسەڵاتدارانی خۆجێی شارەکە لە مانگی ئابدا بڕیاری داخستنی نزیکەی 20 هەزار تەوالێتی گشتییان دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی.
