گوتەبێژی دەم پارتی: تورکیا هیچ هەنگاوێک بۆ پرۆسەی ئاشتی نانێت
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕایگەیاند، سەرەڕای هەنگاوە ڕژد و ئەرێنییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتی، بەڵام دەسەڵات و حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرانبەری کورد نەناوە و جدی نییە لە پرۆسەکەدا.
ئایشەگول دۆغان ئەمڕۆ هەینی، 7ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە گوتی: کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان ڕێگەیەکی نوێ دەکاتەوە و دەتوانێت کێشەیەکی مێژوویی سیاسی و دیموکراسی چارەسەر بکات.
دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمان، ڕا و سەرنجی لایەنەکان و خەڵکی وەرگرتووە و بە بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە، گوتیشی: ئێمە بە پێویستی دەزانین هەموو لایەنەکان بەشداری بکەن و کۆمیسیۆنێکی سەرکەوتوو و باشە.
گوتەبێژەکەی دەم پارتی داوای چاکسازیی یاسایی کرد و جەختی کردەوە کە ئێمە لە قۆناغێکی ڕاگوزەرداین و یاسامان بۆ ئەم قۆناغە پێویستە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئایشەگول دۆغان ئاشکرای کرد کە پەکەکە هەنگاوی ئەرێنیی ناوە بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتی، بە سووتاندنی چەکەکانی و کشانەوەی هێزەکانی لە باکووری کوردستان، بەڵام بە پێچەوانەوە دەسەڵات و حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و جدی لە بەرانبەردا بۆ کورد و پرۆسەی ئاشتی نەنێت.
دۆغان گوتی: خەڵک نازانێت چی ڕوودەدات لە پرۆسەکەدا.
سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، گوتەبێژی دەم پارتی پرسیاری ئەوەی وروژاند کە، چەندین جار دەوڵەت باخچەلی (سەرۆکی مەهەپە) داوای کردووە کۆمیسیۆن بچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببێتەوە و گوێی لێ بگرێت، ئێمەش پرسیار دەکەین، بۆ کۆمیسیۆن لەگەڵ هەمووان کۆدەبێتەوە و گوێیان لێ دەگرێت، نازانین بۆ لەگەڵ ئۆجەلان کۆ نابێتەوە.
