ئیال زامیر: چارەنووسی چەکدارە گەمارۆدراوەکانی غەززە "یان کوشتنە یان خۆڕادەستکردن"
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، چارەنووسی چەکدارە گەمارۆدراوەکان "یان کوشتنە یان خۆڕادەستکردن"، لە کاتێکدا ناوبژیوانان هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاگربەست چڕ کردووەتەوە.
لێدوانە ناکۆکەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل، ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەکی قووڵی ناوخۆییە لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا.
بەگوێرەی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیدا، دژایەتیی خۆی بۆ ڕێگەدان بە دەرچوونی ئەو چەکدارانەی لە تونێلەکاندا گیریان خواردووە، دووپات کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "دەبێت یان بە کوشتنیان یان بە خۆڕادەستکردنیان کۆتایی بێت."
زەمیر پێیوایە خۆڕادەستکردن دەبێت بەم شێوەیە بێت: "بە جلی ژێرەوە و بە چاوبەستراوی و دەستبەندەوە بگوازرێنەوە بۆ کەمپی دەستبەسەرکردنی سدیە تیمان."
لە هەمان کۆبوونەوەدا، زامیر چەند مەرجێکی دیکەشی خستەڕوو: ئەوانیش؛ دژایەتیی خۆی بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان نیشان دا، تا ئەو کاتەی تەرمی سەربازە ئیسرائیلییەکان لە غەززە دەهێنرێنەوە.
هەروەها جەختی کردەوە، نابێت ڕێگە بە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بدرێت، پێش ئەوەی بە تەواوی چەکداماڵین بکرێت.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکرای کردووە، بیرۆکەی چەکدارەکان "پێشتر خراوەتە ڕوو." بەڵام، بیرۆکەکە هەڵوەشاوەتەوە، دوای ئەوەی بانگەشەی کرد، حەماس لە ماوەی ئاگربەستدا هێرشی ئەنجام داوە و بووەتە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئیسرائیلی.
مانگی ڕابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین خستەڕوو، ئەویش چەکداماڵینی حەماس، گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی سوپای ئیسرائیل.
ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت، مەرجی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی لەخۆگرتبووە، هەنگاوی یەکەمی جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕوفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.
