بایدن: ئازارەکانی کورد کاریگەری لەسەر ئەمەریکییەکان هەبووە
جۆ بایدن لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستان: تەنیا چیاکان دۆستی کورد نین
K24 – ھەولێر:
جۆ بایدن، 46ـهمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، 18 ساڵ بەر لە ئێستا كاتێك سیناتۆر بوو و سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی سێناتی ئەمەریکا بوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2002 چەند مانگێك پێش رووخانی رژێمی سەدام ھاتە پەرلەمانی کوردستان و لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستاندا گوتی: تەنیا چیاکان دۆستی کورد نین. قسەکانی بایدن لە کۆتاییەکانی ساڵی 2002 و چەند مانگێك پێش رووخانی رژێمی سەدام حوسێنە، بایدن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لێرەوە لەم شوێنەوە ئێوە نیشانی ھەموو جیھانی دەدەن کە دەتوانن داھاتوویەکی دیموکرات بۆ خەڵکی خۆتان بنیاد بنێن. بەدرێژایی مێژوو ئێوە کەوتوونەتە نێوان داگیرکاری ئیمپراتۆرییەتەکانی تورك و فارس و عەرەب. لە کۆتایی جەنگی جیھانی یەکەمیش چارەنووسی ئێوە کەوتە دەست زلھێزەکان و وڵاتێکیان دروستکرد و ناویان نا عێراق. ھاتووینەتە ئێرە بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنێین، کە ئێوە زۆر ناسۆریتان چەشتووە و لە رابردووی زۆر دووریش نا و لەدەستی سەدام حوسەین، کێمیاباران و ئەنفال و کۆمەڵکوژ کران و ژن و منداڵ و پیر و گەنجتان دەربەدەر کران".
بایدن لە وتارەکەیدا گوتی: ناسۆرییەکانی کورد زۆر کاریگەری لە ئەمەریکییەکان کردووە و رێزم ھەیە بۆ ئازایەتیتان و دڵنیام داھاتووتان زۆر لە رابردوو باشتر دەبێت.
دوای 18 ساڵ ئەو سیناتۆرە ئەمەریکییە و دۆستی نزیکی کورد ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکای بردەوە و دەبێتە 46ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا.
ھەر لەگەڵ راگەیاندنی گوتاری سەرکەوتنیدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لێکرد و رایگەیاند: "بەگەرمی پیرۆزبایت لێدەکەم، دۆستی من، سەرۆکی ھەڵبژێردراو، جۆبایدن. ئومێدەوارم دونیای ئازاد لەژێر سەرکردایەتی ئێوەدا ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".
بایدن، چەندین جار سەردانی کوردستانی کردووە، وەك سیناتۆر و جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا.. کورد چاوی لەوەیە، وەك سەرۆکی داھاتووی ئەمەریکاش جارێکی دیکە لە کوردستان پێشوازی لێبکنەوە.
سیاسی و شارەزایان و دۆستەکانی کورد دەڵێن: راستە بایدن دۆستی کوردە و دۆزی کورد باش دەناسێت؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا وڵاتێکی دەمەزراوەیە و پێویستە کورد لەم کاتەدا ھەموو ھەوڵی خۆی بدات، بۆ ئەوەی لەرێگەی لۆبیەکی بەھێزەوە دۆزی رەوای خۆی بگەیهنێتە کۆنگرێس و ئهنجوومهنی سینات و ئەندامانی ئیدارەی داھاتووی ئەمەریکا و ھەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانیش، بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە دۆزی کورد لە ئیدارەکەی بایدندا دەنگێك بێت لەسەر ئاستی کۆنگرێس و سینات و سەرۆکایەتی ئەو وڵاته.