سوودانی: دەبێت عێراقییەکان لەوە تێبگەن وڵاتەکەمان تووشی قەیرانی ئاو بووە
سەرۆکی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆگاکانی ئاو خەریکە بە تەواوی وشک دەبن، عێراق تووشی قەیرانێکی ڕاستەقینەی ئاو بووەتەوە، دەبیت هاووڵاتییان لەوە تێبگەن کێشەی نەبوونی ئاومان هەیە و کە ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر داهاتووی وڵاتکەمان.
هەینی، 7ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتی خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی قەزای غەماس لە سنووری پارێزگای دوانییە، کە بە هۆی کێشەی نەبوونی ئاوەوە ئەنجامیاندابوو، ڕایگەیاند، عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە، بە جۆرێک لە کۆگاکانی ئاودا خەریکە ئاومان نامێنێ و بە تەواوی وشک دەبن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، وێستگەکانی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەش لە بەغداد بەشێکیان لە کار کەوتوون، ئەمەش قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە، هەروەها گرنگە هاووڵاتیاینی وڵاتەکەمان لەوە تێبگەن کە حکوومەت بە گوێرەی توانای خۆی و ئەو بڕە ئاوەی کە لە دەریاچە و کۆگاکاندا هەیە دەتوانێت ئاو بۆ خەڵکەکەی دابین بکات.
ئەم قسانەی سوودانی لە کاتێکدایە، پێشووتر وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتەکە ڕایگەیاندبوو، ئاستی ئاو لە کۆگا ستراتیژییەکانی سەر دەریاچەکان گەیشتووە بە نزمترین ئاست لە مێژوویدا، هەروەها نزیکن لە وشک بوون.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هۆشداریی دابوو، ئەگەر قەیرانی ئاو بەردەوامی هەبێت، عێراق تووشی کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی دەبێتەوە.
لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، عێراق نزیکەی 30%ی زەوییە کشتوکاڵییە بە پیتەکانی لەدەست داوە.
ساڵانە 100هەزار دۆنم زەوی بەهۆی بە بیابانبوونەوە لەدەست دەچن.
ڕووبەری سەوزایی لە عێراقدا لە نزیکەی 50% دابەزیوە بۆ تەنیا 17%.
ڕووبەری دارستانەکان تەنیا 2%ی کۆی گشتیی ڕووبەری عێراق پێک دەهێنێت.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان چڕکردووەتەوە، بەڵام قەبارەی کارەساتەکە پێویستی بە کاری بەپەلەی حکوومەت و هاوکاریی هەرێمایەتی هەیە بۆ مسۆگەرکردنی پشکی ئاوی عێراق.
ڕۆژی یەکشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی لەگەڵ شاندی یاوەری گەشتنە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیی کرا.
دوای دیداری نێوانیان، فوئاد حوسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاماژەی بەوە دابوو،"سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا، بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی ئاو، کە بایەخی هاوبەشی هەیە بۆ هەردوو وڵات."
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کردبوو، "ڕێککەوتنامەیەکمان سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاو لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتبووی: لەگەڵ بەغدا باسمان لە کاری هاوبەش لە بوارەکانی ئاو و بازرگانی کرد"، هەروەها ڕێککەوتنمان لە بارەی پرسی ئاوە واژۆ کرد.
