12 هەزار گەشتی فڕۆکەخانەکانی ئەمەریکا هەڵوەشاونەوە
بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کەمکردنەوەی فشار لەسەر چاودێرانی گواستنەوەی ئاسمانی و کەمکردنەوەی گەشتەکان، بەهۆی داخرانی حکوومەتەکەیەوە، بە هەزاران گەشتی فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە هەڵوەشانەوە.
هێڵی ئاسمانیی ئەمەریکان ئێرلاینز ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ڕێکارەکانی دەستەی فڕۆکەوانی فیدراڵی کە بووە هۆی کەمکردنەوەی چاودێریکارانی گواستنەوەی ئاسمانی، 12 هەزار گەشت لە شەش فڕۆکەخانەی ئەمەریکا هەڵوەشێنرانەوە.
ڕۆبێرت ئایسۆم، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانی ئەمەریکان ئێرلاینز ڕایگەیاند : تەنیا ئەمڕۆ هەینی، 7ی تشرینی دووەمی 2025، نزیکەی 840 گەشت دواخراون، گوتیشی"دۆخێکی نیگەرانکارە و پێویست ناکات لەم دۆخەدا بین.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانسی پرێسی فەرەنسی، ئەم بڕیارە زۆرترین کاریگەری لەسەر فڕۆکەخانەکانی شیکاگۆ ئۆهێر لە ویلایەتی شیکاگۆ، هارتسفیلد - جاکسن لە ئەتلانتا، دێنڤەر و داڵاس - فۆرت وۆرس هەبووە، بە پێی پلانەکە، کەمکردنەوەی گەشتەکان 40 فڕۆکەخانەی سەرەکی لە ئەمەریکا دەگرێتەوە؛ لەوانە ئەتلانتا، نیوارک، دێنڤەر، شیکاگۆ، هیوستن و لۆس ئەنجلۆس.
بڕیاربوو کەمکردنەوەی گەشتەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، سەرەتا بەڕێژەی %4 کەمبکرێتەوە، ئەگەر کۆنگرێس نەیتوانی لە بارەی بودجەوە بگاتە ڕێککەوتن، کەمکردنەوەی گەشتەکان بگاتە %10 .
بەهۆی ناکۆکی توند لە نێوان هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لە ئەمەریکا لەسەر بابەتی خەرجی و بودجە، کارەکانی کۆنگرێس و حکوومەتی ئەمەریکا بە تەواوی وەستاوە، ئەمەش وایکردووە هەموو دەرچەکانی دابینکردنی داهات لە حکوومەتی فیدراڵی دابخرێن.
خەڵکی ئەمەریکا بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، بە تایبەت فەرمانبەرانی حکوومەت، لەوانە کارمەندە سەرەکییەکانی فڕۆکەخانە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە دەکەن، کە نزیکەی شەش هەفتەیە بەردەوامە.
