تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکرد
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و 37 بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە بە تۆمەتی جینۆساید لە غەززە دەرکردووە
هەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025، نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی جینۆساید لە کەرتی غەززە دەرکردووە.
هەروەها لەو لیستەی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ بڵاوی کردووەتەوە 37 بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە هەن کە لە نێوانیان دا هەر یەکە لە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئیتمار بن گڤییر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و ئەیاڵ زەمیر، سوپاسالاری سوپای ئیسرائیل هەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، تورکیا ئەو بەرپرسانەی بە جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی سیستماتیک لە غەززە تۆمەتبار کردووە.
لە ساڵی 2024 ئەفریقای باشوور لە دادگای نێونەتەوەیی داد (ICJ) ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار کرد، هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ڕایگەیاندبوو، ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی تاوانکاری"یان هەیە لەسەر تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.
