فوئاد حوسێن: هەڵوێستی ئەمەریکا لە بارەی چەکدارەکانی عێراق ڕوون و ئاشکرایە
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، هەڵوێستی ئەمەریکا لە بارەی گرووپە میلیشیا و چەکدارەکانی عێراق بابەتێکی نوێ نییە، هەروەها جاری یەکەم نییە هۆشداری بەو گرووپانە دەدات.
ئەمڕۆ هەینی 7ی تشرینی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی عەرەبی ڕایگەیاند، هۆشدارییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق لە بارەی گرووپە چەکدارەکان بابەتێکی نوێ نییە، لە ئیدارەی پێشووتریش چەندین جار ئەمەریکا هۆشداری بە عێراق داوە، بە تایبەت لە بارەی ئەو گرووپانەی کە حکوومەتی ئەمەریکا تێبینی لە سەریان هەیە و وایدەبینن کە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە و پشتیوانی دەکرێن.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەیدا، ئەمەریکا ئەو گرووپانە بەوە تۆمەتبار دەکات، کە پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەتی ئێران هەیە، هەروەها لە لایەن ئەو وڵاتەوە ئاڕاستە دەکرێن و بەکاردەهێندرێن.
فوئاد حوسێن، باسی لەوەشکردووە، ئێستا لەم دۆخەدا هۆشدارییەکانی ئەمەریکا نازانرێت بۆ چیە و مەبەستیان چیە، بەڵام ئاشکرایە ئەمەریکا هەڵوێستی چۆنە بەرانبەر بەو گرووپە چەکدارانە.
ئەم قسانەی فوئاد حوسێن لە بارەی هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە کاتێکدایە کە 21ی مانگی ڕابردوودا، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، کە مارکۆ ڕوبیۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و جەختی لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان کردووهتهوه و به سوودانی ڕایگەیاندووه، ئەو گرووپانە بوونەتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراق و هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و بازرگانانی ئەمەریکی و عێراقی.
