تکریت، زبڵ و خاشاک ژیان و ژینگەیان خستووەتە مەترسییەوە
ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانیی تکریت لەنێو تەپوتۆزی ئەم ڕێگا خۆڵ و پڕ لە تاسە و چاڵ و چۆڵییەدا ڕۆژانە، بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک بەردەوام هاتووچۆ دەکەن. هەر لە قەراخ شار و لەم شوێنەدا ڕۆژانە سەدان تۆن لە پیسایی و پاشماوە فڕێ دەدرێن.
زبڵ و پاشماوەکان هێندە زۆرن، بەیانیی هەموو ڕۆژێک دەسووتێنرێن و دووکەڵەکەی بەنێو گەڕەک و کۆڵانەکاندا بڵاو دەبێتەوە. هاووڵاتییانی ئەم گەڕەکەی کە لە نزیک شوێنەکەن، بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی پاشماوەکانەوە دۆخی تەندروستییان تێک چووە.
عادل ئیبراهیم، هاووڵاتییەکی دانیشتووی تکریت، بە کوردستان24ی گوت: بەشێکی زۆری هاووڵاتیان بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەکەوە تووشی تەنگەنەفەسی دەبن و دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، کە زۆربەیان منداڵ و بەتەمەنەکانن. بە زۆری درەنگانی شەو، یان بەیانیان دەیسووتێنن و ئاسمان یەک پارچە دەبێتە دووکەڵ و نەخۆشی بڵاو دەبێتەوە و خەڵکەکەشی ئازار دەچێژن.
عومەر، چالاکوانێکی ژینگەیە و لایوایە خەڵکی شارەکەیان قوربانیی ئەم دۆخەن و ڕۆژانە بەهۆی بێپلانیی حکومەتەوە دەخنکێندرێن.
ئەو،گواستنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش بۆ عێراق بە کلیلی چارەسەر دەزانێت و دەڵێت: پیسبوونی ژینگە و کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە پارێزگای سەڵاحەدین کارەساتی دروست کردووە، بۆ چارەکردنی ئەم بابەتە پێویستە سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرین، کە توانیویانە ژینگەیەکی پاک فەراهەم بکەن، بەتایبەت پرۆژەی ڕووناکی و پشتێنەی سەوزایی.
لەم شارە دەوڵەمەند و پڕ لە نەوتەی عێراق، بەهۆی بێکارییەوە ئەم شوێنە سەرچاوەی بژێویی ژیان و داهاتی دەیان گەنج و منداڵ و مێردمنداڵە، کە زۆربەیان هەر لێرە گەورە دەبن و ڕۆژ تا ئێوارە کاتەکانی تەمەنیان بە ڕاکردن بەدوای زبڵ و پاشماوەکان بەفیڕۆ دەچێت.
یەکێک لەو هاووڵاتییانە دەڵێت: گوزەرانی 30 خێزان لەسەر کۆکردنەوەی پارچە ئاسنەکانی ناو ئەم زبڵانەیە!
بەدووریی کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە شاری تکریتەوە، شارێکی دیکە لە زبڵ و خاشاک لێرە هەیە، کە ڕۆژانە سەدان تۆن زبڵ و خاشاک لە دەوروبەری تکریتەوە لێرە بە شێوەیەکی نازانستی ژێرخاک دەنرێن و بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە.
بە پێچەوانەی ئەم دۆخەی ئێرە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی گەورە و تایبەت بە جیاکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی لە شارەکاندا دامەزراندووە، کە ڕۆژانە، بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەیان تۆن لەو پاشماوە و زبڵانە لەنێو کۆڵان و شەقام و شوێنە گشتییەکاندا کۆ دەکرێنەوە و هەڵدەگیرێن، پاشان جیا دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی دووبارە سوودیان لێ وەربگیرێت.
ئاری، پەیامنێری کوردستان 24 لە 'ئاکرێ' وە دەڵێت: ڕۆژانە لەنێو کارگەکەدا، تا 220 تۆن لە پاشماوە و زبڵی هەر سێ قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان و دەوروبەریان، دەگوازرێتەوە بۆ کارگەی جیاکردنەوەی زبڵ لە ئاکرێ و بە ڕێگەی زانستی و ئامێری پێشکەوتوو جیا دەکرێنەوە.
بەهۆی بوونی ئەم کارگانەوە، ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی هەموو شارەکان و تەنانەت گوندەکانیشدا، بە پاک و خاوێنی ماوەتەوە و دیمەنە جوانەکانی ئەم شەقامانەش گوزارشت لە ژینگەدۆستی و پاراستنی تەندروستی دەکەن.
