هەوڵێکی تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەکسیک پوچەڵکرایەوە؛ ئێرانیش تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە

پلانێکی تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەکسیک پوچەڵکرایەوە، کە دەگوترێت لەلایەن سوپای پاسدارانەوە داڕێژرابوو. لە بەرانبەردا، باڵیۆزخانەی ئێران ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل و زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمەریکی، فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێک کردووە بۆ تیرۆرکردنی ئینات کرانز نیگەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەکسیک. پلانەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی مەکسیکەوە لە هاوینی ساڵی 2025 پوچەڵکراوەتەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵی فەرەنسا و ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویانکردەوە، پلانەکە لەلایەن "حەسەن ئیزادی"یەوە سەرکردایەتی دەکرا، کە بریکاری یەکەی 11000ی فەیلەقی قودسە. بەپێی زانیارییەکان، ئیزادی پێشتر لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ڤەنزوێلا کاری کردووە و لەوێوە تۆڕێکی لە بریکارەکان لە ئەمەریکای لاتین دامەزراندووە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی ڕایگەیاندووە: "پیلانگێڕییەکە شکستی هێناوە و ئێستا هیچ هەڕەشەیەک نەماوە." هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەمە "نوێترین نموونەیە لە مێژوویەکی درێژی هەوڵەکانی تیرۆرکردن کە ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا ئەنجامی دەدات."

باڵیۆزخانەی ئێران لە مەکسیک لە ڕاگەیەنراوێکدا بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "ڕێزگرتن لە یاساکانی مەکسیک لە پێشینەی کارەکانمانە و بە هیچ شێوەیەک نابینە هۆی زڕاندنی ناوبانگی باشی دۆستانی مەکسیکی."

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل سوپاسی حکوومەتی مەکسیکی کرد بۆ پوچەڵکردنەوەی پلانەکە. گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئوری مماڕۆشتاین، گوتی: "دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە کاری ماندوونەناسانە، بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی جیهان، بۆ پوچەڵکردنەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکانی ئێران."

 
 
Fly Erbil Advertisment