کاندیدێکی پارتی ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ 79 بووک و زاوا ساز کرد
بناس دۆسکی، کاندیدی ژمارە 8ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی دهۆک، ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ 79 بووک و زاوا ڕێکخست. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان هات.
دۆسکی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هیوادارە ئەم کارە وەکو خێرێک بۆیان بنووسرێت و ئامانجیش لەم هەنگاوە یارمەتیدانی ئەو 79 بووک و زاوایە بووە، بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەسەر سوننەتی خودا و پێغەمبەر (د.خ.)
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ئەم کارەی وەک پشتیوانییەک بۆ کەمپینی هەڵبژاردن و کاندیدبوونی خۆی لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام داوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ژمارە 79، بناس دۆسکی گوتی، ئەم ژمارەیە بەهۆی تەمەنی سەرۆک بارزانی و 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەڵبژێردراوە.
لەکۆتاییدا، بناس دۆسکی داوای لە جەماوەری پارتی کرد کە لە ڕۆژی 11ی تشرینی دووەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
