كوردستان24 كەمپەینێك بۆ دەنگدان بە هاندەرانی زاخۆ لە شارەكانی كوردستان رادەگەیەنێت

گۆهدار شێخۆ وەکو یەکەم کەس بەشداریی کەمپەینەکەی کرد

دوای ئەوەی فیفا بە فەرمی هاندەرانی زاخۆی بەربژێر كرد وەكو باشترین هاندەرانی جیهان بۆ ساڵی 2025،ئێستا لە کوردستان باس باسی ئەوەیە؛ چۆن لە ماڵپەڕی فیفا دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ دەدەی، كوردستان24 بۆ كارئاسانی دەنگدەران، كەمپەینێك بۆ پشتگیریكردنی هاندەرانی زاخۆ رادەگەیەنێت و لە شارەكانی كوردستان بنكەی ئەلیكترۆنی بۆ دەنگدان بە هاندەرانی زاخۆ رادەگەیەنێت.

کوردستان24 لە شار و شارۆچکەکان کەمپەینێک بۆ پشتگیریکردنی هاندەرانی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ رادەگەیەنێت، کە تاوەکو رۆژی 29ـی ئەم مانگە هەموو کەسێک دەتوانێت لە رێگای ماڵپەڕی فیفاوە دەنگ بدەن، هاندەرانی زاخۆ هاوشانی هاندەرێکی ئەرجەنتینی و هاندەرێکی ئیسپانی بەربژێرن کە یەکەمجارە لەسەر ئاستی ئاسیا هاندەرێک بەربژێر بکرێت.

چۆن دەنگی خۆتان بە هاندەرانی زاخۆ دەدەن؟ 
زاخۆ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین هاندەرانی 2025 دوو ركابەری دیكەی هەیە، یەكێكیان هاندەرێكی ئەرجەنتینییە، ئەویتریان هاندەرێكی ئیسپانیایە كە لە ناوەراستی ئەمساڵ هاندەر ئیسپانییەكە كۆچی دوایی كردووە.
كوردستان24 بە سێ هەنگاو پێتان دەڵێت چۆن دەنگی خۆتان دەدەن، سەرەتا دەچیتە نێو ماڵپەڕی www.fifa.com پاشان دەچیتە ناو بەشی خەڵاتەکانی زە بێست و لەوێ خەڵاتی باشترین هاندەر FIFA FAN AWARD هەڵدەبژێری بۆ ئەوەی دەنگی خۆت بدەی.

دواتر لە هەنگاوی یەکەم، زاخۆ وەکو دەنگی یەکەمی خۆت هەڵدەبژێری بۆ ئەوەی زاخۆ پێنج خاڵ بەدەست بهێنێت.
لە هەنگاوی دووەم، پێویستە ناوی خۆت تۆمار بکەی و لە ماڵپەڕی فیفا ببیتە ئەندام.

 

ئێستا دەپرسن چۆن ببینە ئەندامی ماڵپەڕی فیفا؟
بۆ ئەوەی ببیتە ئەندام لە ماڵپەری فیفا، سەرەتا دەبێت ناوی خۆت و وڵاتەکەت و رەگەزت و رۆژ و مانگ و ساڵی لەدایکبوونت لە بۆشاییەکان پڕ بکەیەوە، ئینجا ئەو زمانە هەڵبژێرە کە دەتەوێت سەیری ماڵپەڕەکەی پێ بکەی و دواتر هەر سێ چوارگۆشەکەش بە سەحێک پڕ بکەوە بۆ ئەوەی ببیتە ئەندامی ماڵپەڕی فیفا.

دوای ئەوەی بوویتە ئەندامی ماڵپەڕەکەی فیفا، هەنگاوی سێیەم دەست پێ دەكات و رێگەت پێ دەدرێت دەنگ بدەیت، سەرەتا دەنگی یەکەمت بە زاخۆ بدە، دواتر دەنگی دووەم و سێیەمت بە دوو بەربژێرەکەی دیکە بدە بۆ ئەوەی پرۆسەی دەنگدانەوەکەت تەواو بێت. هەر ئەوكات ماڵپەڕەکە ئاگادارت دەکاتەوە کە دەنگدانەکەت بە سەرکەوتوویی تەواو بوو.
فیفا رایگەیاندووە دەنگدان بۆ باشترین هاندەری ساڵ تاوەکو کاتژمێر 01:59ـی خولەكی درەنگانی شەوی 29ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.