هۆزی لهێب لێدوانەکانی حەلبووسی ڕەت دەکاتەوە

شێخی هۆزی لهێب لێدوانەکانی سەرۆکی حزبی تەقەدووم ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: هیچ سیاسەتێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان نەدیتووە کە عەرەب بکاتە ئامانج و بە مەبەست لاوازیان بکات. دەشڵێت: حکوومەتی هەرێم بە یەکسانی مافی هەمووانی دابین کردووە، گوندە عەرەبەکان ئاسایش و سەقامگیری هەیە بەهۆی حیکمەتی حکوومەتی هەرێمەوە کە هەردەم پشتی بە دیالۆگ بەستووە.

تەها محەممەد شەحادە، شێخی هۆزی لهێب، لێدوانەکانی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدووم، دژی حکوومەتی هەرێم ڕەت دەکاتەوە، کە باسی لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی لاوازکردنی عەرەبەکان کردبوو لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە. لەم بارەیەوە شەحادە گوتی: ئێمە وەک هۆزە عەرەبی و کاکەییەکان هیچ سیاسەتێکی حکوومەتی هەرێمان نەدیتووە کە عەرەب بکاتە ئامانج و بە بەرنامە کار لەسەر لاوازکردنمان بکات، وەکوو هەندێک کەس باسی دەکەن.

ئاماژەشی داوە، ڕاستە هەندێک جار کێشەی کەسی یاخود ئیداری ڕوو دەدات، ئەمەش لە هەموو عێراق ڕوو دەدات و ئاساییە، بەڵام هەڵەیە بە مەبەستی سیاسی بە کاری بهێنێت. جەختیش دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی مافی هەمووانی دابین کردووە، گوندە عەرەبەکان ئاسایش و سەقامگیری هەیە بەهۆی حیکمەتی حکوومەتی هەرێمەوە کە هەردەم پشتی بە دیالۆگ بەستووە.

شێخی هۆزی لهێب باسی لەوەش کردووە، بەکارهێنانی کێشەی خەڵک وەک کارتی سیاسی ڕەت دەکەینەوە. دەشڵێت: نامانەوێت جیاوازی دروست بکرێت، داوا لە محەممەد حەلبووسی دەکەین لە ڕاستییەکان بکۆڵێتەوە پێش ئەوەی لێدوانێک بدات زیان بە پێکەوەژیان بگەیەنێت، عێراق بەرگەی دابەشبوونی دیکە ناگرێت و سەقامگیریی هەرێم مانای سەقامگیریی هەموو عێراقە، لێدوان و بوختانەکانی حەلبووسی دژی حکوومەتی هەرێم ڕەت دەکەینەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment