لە هەولێر نزیکەی 86 هەزار ئەندامی هێزە تایبەتەکان مافی دەنگدانیان هەیە
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە بنکەکانی دەنگدان لە هەولێر، بە ئارامی و بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەڕێوە دەچێت و ئەوانەی مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە ژمارەیان 85 هەزار و 739 کەسە.
ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان 24، لە بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت، دەڵێت: لەم بنکەی دەنگدانە، هەزار و 922 کەس بەشداریی دەنگدان دەکەن، بنکەکە لە حەوت وێستگە پێکهاتووە و پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ بەڕێوە دەچێت.
تەنیا ئامێری وەرگرتنی دەنگەکان لە وێستگەی ژمارە سێ، لەبەر کێشەی تەکنیکی کار ناکات.
مەهدی ئاغا، چاودێرێکی سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو ئامێرە هەر لەکاتی کردنەوەی بنکەکەوە لەبەر هۆیەکەی تەکنیکی کاری نەکردووە. تیمێکی تەکنیکی ئامێرێکی تازەیان هێناوە و چاوەڕێین لە ماوەیەکی کەمدا بکەوێتە کار. تا ئێستا هیچ قەرەباڵغی و کێشەیەک دروست نەبووە و دەنگدان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت.
لە هەولێر، 85 هەزار و 739 کەس مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە، بەڵام ئەوانەی دەنگ دەدەن، 111 هەزار و 839 کەسن، چونکە کەسانێک کە لە دەرەوەی بازنەی هەولێر دەژین و لە هەولێر کار دەکەن، دەتوانن هەر لێرە دەنگ بدەن.
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
