پارێزگاری هەولێر: دەنگدانی تایبەت بێگرفت بەڕێوە دەچێت
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەنگدانی تایبەت بەبێ هیچ گرفت و کێشەیەک بەڕێوە دەچێت.
پارێزگاری هەولێر، گوتی: بە یاوەریی بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئۆفیسی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر و لیژنەی ئەمنیی پارێزگا، سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانمان کرد. بە خۆشییەوە لە سەرجەم بنکەکاندا پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوە دەچێت.
ئومێد خۆشناو، گوتیشی: ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە پارێزگای هەولێر 111 هەزار و 839 کەسن کە لە 79 بنکە و 385 وێستگە دەنگ دەدەن.
دەربارەی ئەگەری کێشە تەکنیکییەکان، پارێزگاری هەولێر گوتی: کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر نەماوە، ئامێرەکانیش تازەن و تا ئێستا گرفتی گەورە ڕوویان نەداوە. سوپاسی هەموو لایەنەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لە ئامادەکاریی بۆ ئەم پرۆسە گرنگە.
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
