سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: ژوورێکی ئۆپەراسیۆنمان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان پێکهێناوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانیدا، دڵنیایی دا کە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سنوورەکەیان بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو و بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەدەچێت.

بە گوتەی شێخ نەجیب، پرۆسەکە لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە لە 14 بنکە و 61 وێستگەی دەنگدان دەستی پێکردووە و 17 هەزار و 842 دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان هەیە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران جەختی کردەوە، "ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیان بۆ چاودێریکردنی بەردەوامی پرۆسەکە پێکهێناوە و تا ئێستا هیچ کێشەیەکی ئیداری یان تەکنیکی ڕووی نەداوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گرفتانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەبوون، وەک کێشەی پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەی کارتی بایۆمەتری، لەم هەڵبژاردنەدا بوونیان نییە. تەنیا دوو حاڵەتی بچووکی پەیوەست بە "فەیس ئایدی" هەبووە کە یەکسەر چارەسەر کراون و گوتیشی: "دەتوانم بڵێم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پرۆسەکە لە سەدا سەد بێ گرفت بووە."

هەڵگورد شێخ نەجیب دەنگدانی ئەمڕۆی بە "تاقیکردنەوەیەکی زۆر باش" وەسف کرد و گوتی: "ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی گشتیشدا ئەو گرفتانە نابن." هیوای خواست لە ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە هاووڵاتییانیش وەک هێزە ئەمنییەکان بە جۆشەوە بەشداری بکەن. دڵنیاییشی دا ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بۆ چاودێریکردنی بنکەکانی دەنگدانی گشتی و چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمیسیۆن، بەردەوام دەبێت.

ڕاشیگەیاند، هیچ کێشەیەکی هاتوچۆ لە شار و شارۆچکەکاندا نییە و داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکدا ئاگاداریان بکەنەوە تاوەکو یارمەتییان بدەن بۆ گەیشتن بە بنکەکانی دەنگدان.

کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.

لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.

لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.

دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment