بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن: گرفتە تەکنیکییەکان بە خێرایی چارەسەر دەکرێن

مەروان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دەڵێت: دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەکی گونجاو بەڕێوە دەچێت.

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەردانی ژمارەیەک لە بنکەکانی دەنگدانمان کرد؛ بە خۆشحاڵییەوە هیچ گرفتێک نییە و پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە ئارامی بەڕێوە دەچێت."

مەروان محەممەد، گوتیشی: هەندێک جار، لەوانەیە ئامێرێک بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەکەوە بۆ ماوەیەک ڕابوەستێت، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان یەکسەر کێشەکە چارە دەکەن و ئەگەر پێویستیش بکات، ئامێرەکە دەگۆڕن.

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، هەروا گوتی:  کاتژمێر 12:00 نیوەڕۆ، ڕاپۆرتی نیوەڕۆژی ڕێژەی بەشداربووان بڵاو دەکرێتەوە و کاتژمێر 6:00 ئێوارەش بنکەکان دادەخرێن و جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی و دەستی بۆ سندووقەکان دەکرێن.

کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.

لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.

لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.

دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment