رێبەر ئەحمەد: بۆ رێككەوتنی شنگال پشتیوانی پەرلەمانمان وەرگرتووە

وەزیری ناوخۆ: روونكردنەوەی پێویستمان لەبارەی ناوچە كوردستانییەكان داوەتە پەرلەمان

K24 - ھەولێر

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، روونكردنەوەی پێویستیان لەبارەی ناوچە كوردستانییەكان داوەتە پەرلەمانی كوردستان و پشتیوانی پەرلەمانیشیان لەبارەی رێككەوتنی شنگال وەرگرتووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 11/9/2020، ھەردوو وەزیری ناوخۆ و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری ناوخۆ، گوتی: "لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان، روونكردنەوەی پێویستمان دایە پەرلەمان، ھەردوولامان لەسەر ئەوە كۆكین كە یەكڕیزی ناوخۆی ھەبێت، بۆ ئەو داواكاریانەی كە تایبەتن بە ماددەی 140، بە ھەموو لایەكمان ھەوڵێكی چڕ بدەین لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140 دروست بكرێتەوە، وەك حكومەتی ھەرێمی كوردستان پلانمان ھەیە داوا لە حكومەتی عێراق بكەین، بۆ ئەوەی لیژنەی ماددەی 140 دەستبەكاربێت، بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور ئەو ماددەی و بڕگانەی دانی پێدانراوە جێبەجێ بكرێن".

گوتیشی: "پاڵپشتی پەرلەمانمان وەرگرت لەبارەی ئەو ھەنگاوانەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ناویەتی، سەبارەت بە رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی شنگال و ھەوڵەكان بۆ دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە پشتیوانی پەرلەمانمان وەرگرتووە".

رێبەر ئەحمەد، ئاشكراشی كرد: "لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەی دیكە لەنێوان شاندی حكومەتی ھەرێم و حكومەتی عێراق دەكرێت تایبەت بە دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە.

ئەوەشی خستەڕوو: "لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەگرتووەكان و حكومەتی عێراق كۆبوونەوەمان دەبێت، بۆ میكانیزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەوانەی ناڕازین دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی شنگال و ئێزدییەكانن، ھەر ئەوانەش ھۆكاری سەرەكین تائێستا دۆخی شنگال سەقامگیر نەبووە، خەڵكی رەسەنی شنگال پاڵپشتی رێككەوتنەكەن، ھەندێك دەنگی نەشاز ھەن، بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێكی ناوخۆی و دەرەكی ناڕەزاییان دەربڕیووە".