خالید عەباس: ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە دەتوانن دەنگ بدەن

بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق  ڕایگەیاند، لە دهۆک 43 بنکە و 195 وێستگەی دەنگدان هەیە، هەروەها 56 هەزار کەس مافی بەشداریی کردنیان هەیە.

خالید عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ بەیانی هەندێک کێشەی تەکنیکیمان هەبوو، وەک وەستانی ئامێرەکان، بەڵام هەموویان چارەسەرکراون و ئێستا پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی باش بەرێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشدا، 26 هەزار دەنگدەری ئاوارەمان هەیە، کە لە 23 بنکە و 73 وێستگە، لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان دەنگدەدەن، تاوەکوو ئێستا ڕێژەی بەشداریی ئاوارەکان زۆر کەمە، کە تا کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ 10% بووە، بەڵام لە هێزە ئەمنییەکان 50%ـیە، وە پێشبینی دەکەین ڕێژەکە زیاتر بێت. 

گوتیشی: بۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان، 195 وێستگە و و 43 بنکەمان هەیە کە 56 هەزار دەنگدەر مافی بەشداریی کردنی هەیە،  دەشڵیت: پڕۆسەکە بە شێوەیەکی گشتی زۆر باش بەڕێوەچوو. وەکو ئاماژەم پێدا، تا کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت و دواتر بەخێرایی ڕاپۆرت و ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن و ئەنجامەکان دەنێردرێن بۆ بەغدا، پاشان لە هەموو بنکەکانی دەنگدان پرۆسەی ژماردن بەدەست دەستپێدەکات و دەنگەکان دەژمێردرێن.

خالید عەباس باسی لەوەشکرد، ئێمە 150 ئامێری دەنگدانی یەدەگمان بۆ هەموو بنکەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ناردووە، 150ـی دیکەش تاکو ئێستا زۆر بەکار نەهێنراوە، واتە ئەگەر ئەو دەنگدەرانە هاتن و کێشەی پەنجەمۆریان هەبوو، دەتوانن بەشدار بن و دەنگبدەن.

 
 
 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 07:00ـی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی بەردەوام دەبێت. دەنگدانەکە، هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەگرێتەوە. 

یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 26 هەزار و 538 ئاوارە بەشداریی لە هەڵبژاردنی تایبەت دەکەن. هەروەها، لە دەنگدانی تایبەتدا، 809 بنکە و 4501 وێستگەی دەنگدان بۆ هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکە و 97 وێستگەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان ئامادەکراون.

هەروەها ژمارەی هەموو کاندیدان بۆ کێبرکێی هەڵبژاردن برتییە لە 7 هەزار و 744 کاندید، هاوکات 848 کاندید لە کێبڕکێیەکە دوورخراونەتەوە.

 

Fly Erbil Advertisment