سلێمانی.. ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران گەیشتووەتە %50
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نیوەڕۆژەی ئامێری جیاکردنەوەی دەنگەکان، ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی تایبەت لە سلێمانی گەیشتووەتە %50 .
هاوژین جەمال، پەیامنێری کورستان24، دەڵێت: تا ئێستا دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و هیچ گرفتێکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی نیوەڕۆژەی ئامێری جیاکردنەوەی دەنگەکان، ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی تاکوو کاتژمێر 12:00 ی نیوەڕۆ گەیشتووەتە %50.
ئەیمەن شێخ محەممەد، چاودێر، دەڵێت: هەندێک کەمتەرخەمی لە لایەن کارمەندانی ئەم بنکەیەی ئێمەی لێین، تۆمار کراوە. بەڵام بە گشتیی دەتوانم بڵێم لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، ئەم پرۆسەیە بە باشی و بێگرفت بەڕێوە دەچێت. ئامێرەکان تۆمارکردنی دەنگ و خوێندنەوەی پەنجەمۆر هیچ کێشەیەکیان نییە.
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
