وەزیری دادی تورکیا: دۆسیەی ئازادکردنی دەمیرتاش لە بەردەم دادگایە و چاوەڕێی دەکەین
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، سەبارەت بە بڕیارە یەکلاکەرەوەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا (AİHM) لەبارەی سەڵاحەددین دەمیرتاشەوە، ڕایگەیاند "بڕیارەکە لەبەردەم دادگایە، هەموومان پێکەوە چاوەڕێ دەکەین."
وەزیری دادی تورکیا گوتی "وەک دەزانن ئەمە تەنیا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نییە. لە ڕابردوودا بڕیاری ئۆجەلان و بڕیاری کاڤالاش هەن. هەروەها کەیسگەلێک هەن کە هێشتا لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا "دۆسیەی دەمیرتاش پەیوەستە بە 'دۆسیەی کۆبانێ'وە. وەک هەمووتان ئاگادارن، لە 16ی ئایاری 2024، لە 22هەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە، دەمیرتاش و هاوڕێکانی سزادران. هەندێک لە تۆمەتبارانیش سزای زیندانیکردنی کاتییان بۆ دەرچوو و هەندێکیشیان بێتاوان دەرچوون. ئێستا ئەم دۆسیەیە لە فەرمانگەی 22ـی سزایی دادگای هەرێمی ئەنقەرە کاری لەسەر دەکرێت."
وەزیر تونچ ئەوەشی خستەڕوو "فەرمانگەی دووەمی دادگای مافی مرۆڤی ئەورەوپا بڕیاری پێشێلکاریی دەرکردووە لەسەر ئەو سکاڵایەی کە بە بیانووی پێشێلکردنی مافی ئازادی و ئاسایش و پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە دەستبەسەرکردنەوە تۆمار کرابوو، کە دەکاتە پێشێلکردنی ماددەی 5ی پەیماننامەی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ. ئەو گوتی: "لەنێو ڕای گشتیدا مشتومڕ لەسەر ئەوە دروست بوو کە ئایا تانە لەم بڕیارەی فەرمانگەکە دەدرێت یان نا."
تونچ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "داوا دەکەین کە بڕیارەکانی فەرمانگەکان لە دەستەی گەورەی دادگا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. پێش ئەوەی بچێتە دەستەی گەورە، پانێڵێکی 5 کەسی هەیە. ئەم پانێڵە گوتی 'پێویست بە گفتوگۆکردن ناکات' و بەم شێوەیە بڕیاری فەرمانگەکە یەکلایی بووەوە. بڕیارەکەی فەرمانگەکە ئێستا لەلایەن فەرمانگەی 22ـی سزایی دادگای هەرێمی ئەنقەرەوە هەڵدەسەنگێندرێت. حوکمی قۆناغی یەکەم دەرچووە و ئەم حوکمە لە قۆناغی پێداچوونەوەدایە. کەواتە هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە لە ئێستادا لەبەردەم دادگایە. هەموومان پێکەوە چاوەڕێ دەکەین بزانین دادگا چ بڕیارێک دەدات."
لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی تێوەگلانییان لە دۆسییەی کۆبانێ دەستگیر کران.
دۆسیەی کۆبانێ دوای ئەوەی دەستیپێکرد، کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2014دا لە باکووری کوردستان خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانی لە شاری کۆبانێ بەڕێوەچوون و توندوتیژی لێ کەوتەوە، لەسەر دۆسییەکە سەڵلاحەددین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا و فیگەن یوکسەکداغ 32 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
