ڕێژەی بەشداریی لە کەمپی شاریا زیاتر لە 60%ـە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 07:00ـی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی بەردەوام دەبێت. دەنگدانەکە، هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەگرێتەوە.
چاودێرێکی هەڵبژاردن بەناوی 'ناڤین' لە کەمپی شاریا بە کوردستان24ـی گوت: پرۆسەی هەڵبژاردن بەباشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکوو ئێستا هیچ کێشەیەک یاسایی ڕووینەداوە، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە ڕێژەی بەشداریی سست بووە، گوتیشی: تاوەکوو دوای کاتژمێر 3:00 زیاتر ڕیژەیی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەتی ئاوارەکان زیاتر لە 60% بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، داوا لە خەڵک دەکەم ئەو چەند کاتژمێرەی ماوە بێن دەنگی خۆیان بدەن، داواش لە خەڵکی شنگال دەکەم لە 11ـی 11 بچنە دەنگی خۆیان بدەن.
ڕوونیشی کردەوە، ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکە جیاوازە، وەکوو مەیدانێکی شەڕ لە نێوان پارتە سیاسییەکان سەیر دەکرێت، بۆیە داوادەکەین خەڵک بەجددی بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەن و ئەو لایەن و کاندیدانەی متمانەیان پێیە دەنگی خۆیان بدەن بەو.
باسی لەوەشکرد، ڕێژەی بەشداریی دەنگدان بەیانی باشتر بوو، بەلام لە دوای نیوەڕۆ سست بووە، هەرچەندە چەند کاتژمێرێک ماوە، بنکەکەی دەرەوەی کەمپ ڕێژەی بەشداریی تێێدا زیاتر لە 50% یە بەڵام لەو بنکەیەی ناو کەمپ زیاتر لە 60%ـە.
یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 26 هەزار و 538 ئاوارە بەشداریی لە هەڵبژاردنی تایبەت دەکەن. هەروەها، لە دەنگدانی تایبەتدا، 809 بنکە و 4501 وێستگەی دەنگدان بۆ هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکە و 97 وێستگەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان ئامادەکراون.
هەروەها ژمارەی هەموو کاندیدان بۆ کێبرکێی هەڵبژاردن برتییە لە 7 هەزار و 744 کاندید، هاوکات 848 کاندید لە کێبڕکێیەکە دوورخراونەتەوە.
