سەرکەوت کاڕەش: لە %95ـی کارمەندانی بەرگریی شارستانی دەنگیان داوە

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەشی زۆری کارمەندانی بەرگریی شارستانی بەشدارییان لە دەنگدان کردووە، هەروەها هاوشانی هێزەکانی پۆلیس ئەرکی پاراستنی بنکەکانی دەنگدانیان لەسەرە.

سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەشداریکردنی کارمەندانی بەرگریی شارستانی بە ڕێژەیی لە %95 دەنگیان داوە، ئەوانەی نەهاتوون بەهۆی ئەرک و ئێشگریان بووە، بەڵام تاوەکوو کاتژمێر شەش هەمووان دەنگ دەدەن و بەشدار دەبن.

سەرکەوت کاڕەش گوتی: کارمەندانی بەرگریی شارستانی هاوشانی پۆلیس ئەرکی پاراستنی قوتابخانەکانیان لە ئەستۆیە، لە دوێنێوە پلانێکی تایبەتمان داناوە، پاس و ئۆتومبێلی تایبەت بۆ سەرجەم کارمەندانی دەرەوەی شارەکان گیراون و هەموویان بە خێرایی گەڕاونەتەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان.

یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 26 هەزار و 538 ئاوارە بەشداریی لە هەڵبژاردنی تایبەت دەکەن.هەروەها، لە دەنگدانی تایبەتدا، 809 بنکە و 4501 وێستگەی دەنگدان بۆ هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکە و 97 وێستگەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان ئامادەکراون.

هەروەها ژمارەی هەموو کاندیدان بۆ کێبرکێی هەڵبژاردن برتییە لە 7 هەزار و 744 کاندید، هاوکات 848 کاندید لە کێبڕکێیەکە دوورخراونەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment